فەریق زاحی خەلفان، جێگری فەرماندەی پۆلیسی دوبەی : پێویستە گەلی عەرەب هێرش بکاتە سەر قەتەر.
فەرماندەیەکی سەربازیی ئیماراتی داوای هێرشکردنە سەر قەتەر و رووخاندنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، دەکات.
فەریق زاحی خەلفان، جێگری فەرماندەی پۆلیسی دوبەی لە ژمارەیەک تویتدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، پێویستە گەلی عەرەب هێرش بکاتە سەر قەتەر.
فەریق زاحی خەلفان هەروەها بە پێویستی دەزانێ دەسەڵاتی قەتەر بڕووخێندرێ و رادەستی ئەو کەسانە بکرێ، کە ”شایەنی دەسەڵاتدارین لە قەتەر“.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی دوبەی داواشی کردووە دوای هێرشکردنە سەر قەتەر و رووخاندنی دەسەڵاتەکەی، عەرەب رێککەوتنێکی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
لە 5-6-2017ـەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران و پاڵپشتیکردنی رەوتی ئیخوان موسلیمین، وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر، کە ئەو وڵاتانە ئێران و رەوتی ئیخوان موسلیمین بە تیرۆریست هەژمار دەکەن، هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ قەتەر پچڕاندووە.
باسنيوز
