رۆحانی: توانیومانە دو چارەسەری کۆرۆنا پەرەپێبدەین
نمونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەزار و 200 تاقیگە وەردەگیرێت، بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتو ئەنجامی پشکنینەکان بڵاودەکرێتەوە
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا-ی ئێرانی، ئەمڕۆ شەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەیەکدا لە بنکەی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکان رایگەیاند، لەسەرتاسەری وڵاتدا نمونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەزار و 200 تاقیگە وەردەگیرێت، بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتو ئەنجامی پشکنینەکان بڵاودەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، توانیویانە 17 هەزار و 500 بنکەی تەندروستی ئامادەبکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا، "ئەوەش جێگەی شانازی وڵاتەکەیە".
لەروی زانستییەوە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانی عەرەبی لە پلەی یەکەمدان
رۆحانی باسی لەوەشکرد، نەک هەر تەنها تیمە پزیشکییەکان کارێکی بێوێنە دەکەن لە وڵاتدا، بەڵکو دەبێت هاوڵاتیان لەوە ئاگاداربن کە زانایانی بواری توێژینەوە زانستییەکانی وڵاتەکەیان لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 15هەمیندان، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانی عەرەبی لە پلەی یەکەمدان.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لە وڵاتەکەیان ئەنجامدراون، توانیویانە دو چارەسەری کۆرۆنا پەرەپێبدەن، "بەم نزیکانەش ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنرێن".
لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا، ئێران لە پلەی سێهەمدا دێت لەڕوی زۆری ژمارە توشبوانی کۆرۆنا، تا ئێستاش 167 هەزار و 156 توشبوی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراون، ژمارەی مردوانی ڤایرۆسەکەش بەرزبوەتەوە بۆ هەشت هەزار و 134 کەس.
خەندان
