نرخی نەوت دەگاتە بەرزترین ئاست لە شەش مانگی رابردوودا
نرخی نەوتی جیهانی بەرز دەبێتەوە و دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2020، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی ئاب، بە رێژەی %1.14 بەرز بووەوە و گەیشتە 40.08 دۆلار.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان و پەکخستنی بازرگانیی نەوت، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 30 ساڵدا دابەزی و گەیشتە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
رۆژی یەکشەممە 12-4-2020، ئۆپیک پڵەس (وڵاتانی ئەندام و نائەندامی ئۆپیک) بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، رێککەوتنێکی مێژووویی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سەرەتای مانگی 5ـی 2020ـەوە، راگەیاند.
ئۆپیک رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی جیهانییە و ئێستا لە وڵاتانی عێراق، سعودیە، ڤەنزوێلا، ئیماراتی عەرەبی، نایجیریا، لیبیا، کوێت، ئێران، گابۆن، ئەنگۆلا و جەزائیر پێک دێت.
باسنيوز
