کۆشکی سپی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ترەمپ و پوتین ئاشکرا دەکات
جۆد دێر، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا ئەنجامداوە.
ترەمپ و پوتین گفتوگۆیان لەبارەی گرنگی کاراکردنی سیستەمی دانانی سنورێک بۆ پڕچەککردنی وڵاتەکەیان کردوەتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پەیوەندییەدا ترەمپ و پوتین گفتوگۆیان لەبارەی گرنگی کاراکردنی سیستەمی دانانی سنورێک بۆ پڕچەککردنی وڵاتەکەیان کردوەتەوە، هەروەها باسیان لەگرنگی ئەنجامدانی کۆبونەوەی لوتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی G7 کردوە.
سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا باسیان لە دواین هەوڵەکانی وڵاتەکەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کردوە
جۆد دێر وتیشی، سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا باسیان لە دواین هەوڵەکانی وڵاتەکەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و کردنەوەی وڵاتەکانیان و بوژانەوەی ئابوری جیهان کردوە.
31ی مانگی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاردا بە دواخستنی کۆبونەوەی لوتکەیی کۆمەڵەی G7 لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ مانگی ئەیلولی داهاتو و رایگەیاند، "هەوڵدەدەم روسیا بانگهێشت بکەم بۆ بەشداریکردن لەو کۆبونەوەیەدا".
لەبەرانبەردا دوێنێ دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا (کرملین) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین کراوەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سەرجەم ئاڕاستە جیاوازەکانی جیهان، بەڵام لەبارەی داواکەی ترەمپ بۆ ئەوەی روسیا ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی G7 پێویستیان بە رونکردنەوەی زیاتر هەیە بۆ بڕیاردان لەسەری.
خەندان
