ترەمپ خۆپیشاندەران بە تیرۆریست ناودەبات
سەرۆکی ئەمریکا خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی بە تیرۆریستی ناوخۆیی، ناودەبات.
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵیی (CNN)، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی شارەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە هاووڵاتییانە لە ”تاوانباران“ بپارێزن.
دۆناڵد ترەمپ خۆپیشاندەران بە تیرۆریست ناو بردووە و رایگەیاندووە، ”ئەوانە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە نین، ئەوانە تیرۆریستی ناوخۆیی، کوشتنی خەڵکی بێتاوان تاوانی دژە مرۆڤایەتی و خودایە“.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەموو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، بەکار دەهێنێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فەرمانی بە حاکمی ویلایەتەکان کردووە پاسەوانی نیشتمانیی زیاتر بڵاو بکەنەوە و هەر حاکمێک ئەو فەرمانە رەت بکاتەوە، ”ئەوا سوپا دەخەمە ناو شارەکانی ئەو ویلایەتە کێشەکە بە خێرایی چارەسەر دەکەم“.
ئەو خۆپیشاندانانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە رۆژی 25-5-2020 بە دەستی پۆلیسێکی سپیپێست کوژرا.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتەکانی وڵاتەکەی کرد بوو بڕیاری توندتر دژی خۆپیشاندەران بدەن، ئەگەرنا حکوومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات.
جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.
دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.
باسنيوز
