ئۆباما پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان راگەیاند
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پشگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز راگەیاند و سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (سەرۆکی ژمارە 44، کە لە 2009 - 2017 سەرۆکی وڵات بوو، رایگەیاندووە، زۆرینەی خۆپیشاندەران ئاشتیخوازن، بەڵام بەشێکی کەم لە خۆپیشاندەرەکان مەترسی دروست دەکەن و پشێوی دەنێنەوە.
باراک ئۆباما سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی خۆپیشاندەران کردووە و رایگەیاندووە، توندوتیژی دەبێتە هۆی وێرانکاریی زیاتری ئەو ناوچانەی بەخۆیان خزمەتگوزارییان تێدا کەمە“.
ئەو خۆپیشاندانانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە رۆژی 25-5-2020 بە دەستی پۆلیسێکی سپیپێست کوژرا.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتەکانی وڵاتەکەی کرد بوو بڕیاری توندتر دژی خۆپیشاندەران بدەن، ئەگەرنا حکوومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات.
جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.
دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.
باسنيوز
