ئەردۆغان: سیستەمێكی جیهانی نوێ دادەمەزرێ و ئێمەش دەبینە پێشەنگ
ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردنیدا لە ئاهەنگی كردنەوەی نەخۆشخانەی موراد دێملینەر تایبەت بە نەخۆشیە درمەكان لە ئیستەنبۆڵ، رایگەیاند وڵاتەكەی سەركەوتنی بەدەست هێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادا.
سەركۆماری توركیا هەروەها گوتی دامەزراندنی سیستەمێكی جیهانی نوێ لە دوای كۆرۆنادا، هەلی ئەوە بە توركیا دەدات ببێتە یەكێك لە وڵاتە پێشەنگەكانی جیهان.
هەروەها گوتیشی وڵاتەكەی لە ناو وڵاتانی جیهاندا بە ژێرخانە بەهێزەكەی و سیستەمی بیمەی تەندروستی ناسرایەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، بەم شێوەیەش توانی سەركەوتووانە پەتایەكە تێپەڕێنێت.
هەروەها گوتی وڵاتەكەی لەپێشینەی وڵاتانی جیهاندا دەبێ لە ئابووریی نوێی جیهاندا كە پێشبینی دەكرێ لە دوای كۆرۆناوە بنیات بنرێتەوە.
باسنيوز
