پۆمپێیۆ بۆ زەریف: ئێوە ژنان بە بەرد دەکوژن

پۆمپێیۆ بۆ زەریف: ئێوە ژنان بە بەرد دەکوژن
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەڵامی تویتێکی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی رەوشی رەش پێستەکانی ئەمەریکا دەداتەوە.

بەهۆی کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێست بە ناوی جۆرج فلۆید لە لایەن پۆلیسی ئەمەریکاوە، پشێوی و خۆپیشاندان لە چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا دەستی پێکردووە، لە هەندێک ناوچەش دەیان مارکێت و شوێنی کار سووتێنراون و تاڵانکراون. بەشێک لە ئەمەریکییەکان، پۆلیس بە توندوتیژ و نایەکسان بەرامبەر بە رەشپێستەکان دەزانن.

جەواد زەریف لە توتێکدا لە رێگای دەستکاریکردنی وێنەیەک گاڵتە بە ئەمەریکا دەکات، بەوەی واشنتن باسی لە خۆپیشاندان لە ئێران دەکرد، بەڵام ئەمەریکا خۆی تووشی خۆپیشاندان بووە.

زەریف رەخنە لە حکومەتی ئەمەریکاش دەگرێت و دەڵێت، کاتی ئەوەیە دژی رەچەڵەکپەرستیی بوەستینەوە.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە دێڕێک وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی: "ئێوە هاوڕەگەزخوازەکان لە سێدارە دەدەن، بە بەرد ژنان دەکوژن و هەوڵی لەناوبردنی جووەکان دەدەن".









K24
Top