رکابەرەکەی ترەمپ سەرکۆنەی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکان دەکات

رکابەرەکەی ترەمپ سەرکۆنەی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکان دەکات


کاندیدی دیموکراتەکان و رکابەری سەرەکیی سەرۆکی ئەمریکا سەرکۆنەی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، دەکات.

جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، خۆپیشاندان دژی وەحشیەتی مافی هاووڵاتییانە و پێویستە.

جۆ بایدن رەخنەی لە خۆپیشاندەران گرتووە و رایگەیاندووە، ماف بە سووتاندنی دوکان و وێرانکردنی شارەکان بەدەست نایەت.

کاندیدی دیموکراتەکان، کە رکابەریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵات و کاندیدی کۆماریخوازەکان دەکات، سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندتیژی لە خۆپیشاندانەکان لەلایەن خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی، کردووە.

ئەو خۆپیشاندانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە هەفتەی رابردوو پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی و گیانی لەدەست دا.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتەکانی وڵاتەکەی کرد بوو بڕیاری توندتر دژی خۆپیشاندەران بدەن، ئەگەرنا حکوومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات.

جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.

دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.







باسنیوز
Top