ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەکات

ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەکات


سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی، دەکات.

ئەو خۆپیشاندانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە هەفتەی رابردوو پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی و گیانی لەدەست دا.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، چوونی هاووڵاتییان لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە بۆ هاندانی توندوتیژی تاوانە.

دۆناڵد ترەمپ داوای لە حاکمی ویلایەتەکان کردووە بڕیاری توندتر دژی خۆپیشاندەران بدەن، ئەگەرنا حکوومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات.

جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.

دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.







باسنيوز
Top