ترەمپ خۆپیشاندەرانی کۆشکی سپی بە سەگی دڕ و چەکی کوشندە چاوترسێن دەکات

 ترەمپ خۆپیشاندەرانی کۆشکی سپی بە سەگی دڕ و چەکی کوشندە چاوترسێن دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەرەشە لە خۆپیشاندەرانی بەردەم کۆشکی سپی دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر واز نەهێنن ئەوا بە چەکی کوشندە و سەگی دڕ بڵاوەیان پێدەکات.

چاودێران پێیان وایە رەنگە هەوڵبدەن بچنە ناو کۆشکی سپیەوە

ئەو هەرەشانەی ترەمپ بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی کۆشکی سپیە کە بۆ کوشتنی رەشپێستەکەی مینێسوتا لە بەردەم کۆشکی سپی گربونەتەوە، چاودێران پێیان وایە رەنگە هەوڵبدەن بچنە ناو کۆشکی سپیەوە.

نەکەن هەوڵی شکاندنی ئەو پەرژینە بدەن

ترەمپ لەو بارەیەوە لە زنجیرەیەک تویتیدا هەرەشەی بڵاوەپێکردنیان دەکات و نوسیویەتی"هێڵەکانی پێشەوە بە ئەفسەر و پاسەوانی تازە و گەنج پڕکراونەتەوە، نەکەن هەوڵی شکاندنی ئەو پەرژینە بدەن".

ئەگەر ئەو پەرژینە تێپەڕێنن ئەوا سەگی دڕ و چەکی کوشندە پیشوازیتان لێدەکات

لەبەردەوامی نوسینەکەیدا دەڵێت" ئەگەر ئەو پەرژینە تێپەڕێنن ئەوا سەگی دڕ و چەکی کوشندە پیشوازیتان لێدەکات، ئەوە بەراستی ئازار بەخش دەبێت".

بە وتەی ترەمپ سەدان پاسەوانی نهێنی لەناو خۆپیشاندەراندان و چاوەڕوانی فەرمانی ئەو دەبن تا لە رێگەی" سەگە دڕ" و دەمانچەکانیانەوە بەرپەرچی خۆپیشاندەران بدەنەوە.

جۆرج فڵۆید، ئەو پیاوە 46 ساڵەیە كە تاوانەكە بەرامبەری ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی بە شێوەیەكی هەڵە لەلایەن پۆلیسی ناوچەكەوە روداوەكە گەیەندرایە میدیای ئەمریكا، بەڵام گرتەیەكی ڤیدیۆیی تەواوی روداوەكەی ئاشكراكرد و تێیدا دەردەكەوێت، وێڕای هاوار و ناڵەی جۆرج، پۆلیسێكی سپی پێست ئەژنۆ لەسەر ملی دادەنێت هەتا گیانی دەسپێرێت.

چوارشەممەی رابردو لە میدیای سەرتاسەری جیهان بڵاوكرایەوە، دەزگای هەواڵگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە لێكۆڵینەوەدایە سەبارەت بە چۆنییەتی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەكی رەشپێست، هەر سەبارەت بەو دۆسیەیەش چوار پۆلیسی ویلایەتی میننێسوتا لەكارەكانیان دورخراونەتەوە.

بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، دوای بڵاوبونەوەی ناڕەزایەتی توند و زنجیرەیەك خۆپیشاندان و توڕەیی كە تائێستاش بەردەوامە لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید لەژێر قاچی ئەفسەرێكی پۆلیسی سپیپێست، ئەمڕۆ ئەفسەرەكە روبەروی دادگایەك كرایەوە لەشاری (مینیاپۆلیس) لەویلایەتی مینێسوتا و بڕیاردرا کەیسەکەی ناوبراو بەكوشتنی پلە سێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.




خەندان
Top