وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا دێتە دەنگ
ئەمڕۆ شەممە 30-5-2020، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گوێ لە خۆپیشاندەران بگرن و دادپەروەری بۆ هاووڵاتییانی خۆیان بهێننە دی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی رەگەزپەرستی لە ئەمریکا دەکات و رایگەیاندووە، ”پێویستە بەرپرسانی ئەمریکا توندوتیژی دژی هاووڵاتییانی چەوساوەی وڵاتەکەیان بووەستێنن و کۆتوبەندەکان لەسەر راگەیاندنەکان بە خێرایی هەڵبگرن“.
جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، هەفتەی رابردوو لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.
دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە ررەشپێستە نەدا و کوشتی“.
هاووڵاتییانی ئەمریکا دژی کوشتنی ئەو هاووڵاتییە رەشپێستە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و حکوومەتیش بڕیاری بەکارهێنانی هێزی بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان، داوە.
باسنيوز
