پنتاگۆن: پارێزگاری لە تواناکانمان دەکەین بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران
ئەمریکا پابەندە بە هاوبەشیکردن لەبواری بەرگری درێژخایەن لەگەڵ سعودیە لە ناوچەکەدا
شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لەمیانی لێوانێکدا بۆ رۆژنامەی شرق الاوسط رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پابەندە بە هاوبەشیکردن لەبواری بەرگری درێژخایەن لەگەڵ سعودیە لە ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشیکردنی بەرگری نێوان ئەمریکا و سعودیە لە ناوچەکە چەند بوارێک لەخۆ دەگرێت، ئەوانیش هاوکاری لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی تواناکان لەبواری ئاسایشی دەریایی و ئاسمانی ناوچەکە.
هێزەکانی ئەمریکا پارێزگاری لە تواناکانی خۆیان دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست
رۆبەرتسۆن ئەوەشی خستەڕو، هێزەکانی ئەمریکا پارێزگاری لە تواناکانی خۆیان دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری هەر بارێکی لەناکاو بکەن، کە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە دروستدەبێت.
لەمانگی رابردو سوپای ئەمریکا رایگەیاند، چەند کەشتییەکی سوپای پاسداران ویستویەتی لەکەشتییەکی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو نزیکبێەوە، پاشان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا فەرمانی بە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی کرد، کە تەقە لە هەر بەلەمێکی جەنگی ئێران بکەن، ئەگەر بییەوێت لەکەشتییەکانی ئەمریکا نزیکبێتەوە.
لەبەرامبەردا تاران رایگەیاند، ئێران هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک دروست ناکات لە ناوچەی کەنداو، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە بکرێتە ئامانج وەڵامی دەدەنەوە.
خەندان
