رۆحانی: نەمانهێشتوە بۆ یەک رۆژیش موچە دوابکەوێت
لە رێگەی پەیوەندی پتەوی نێوان پەرلەمان و حکومەت دەتوانین یاسای بەکار و سودبەخش بۆ کۆمەڵگا دابینبکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی رێوڕەسمی کردنەوەی خولی یانزەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "لە رێگەی پەیوەندی پتەوی نێوان پەرلەمان و حکومەت دەتوانین یاسای بەکار و سودبەخش بۆ کۆمەڵگا دابینبکەین، بە جۆرێک بۆ نەوەکانی داهاتو بە باشی یادی بکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت و پەرلەمان دێت و دەڕوات، بەڵام ئەنجامدانی خزمەتگوزاری باش بۆ هاوڵاتیان دەمێنێتەوە، دەستوری وڵاتەکەی توانیویەتی یەکێک لە هەرە سیستەمە بەهێزەکانی حکومڕانی بۆ کۆمەڵگاکەی دەستەبەربکات.
رۆحانی هیواشی خواست لەو ساڵەی کە حکومەتەکەی لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، بتوانێت هاوکاریکەی پتەو لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری دروستبکات.
هاوکات ئەوەشی خستەڕو، "لە دوای ساڵی 2016 وە وڵاتەکەی گەورەترین گەشەسەندنی ئابوری بەخۆیەوە بینیوە رێژەی گەشەسەندی گەیشتوەتە لەسەدا 12.5".
نەمانهێشتوە موچەی کارمەندانی حکومی و خانەنشینان و هاوکاری هەژاران بۆ یەک رۆژیش دوابکەوێت
سەرۆکی ئێران رونیشیکردەوە، لەساڵی 1997 رەوشی ئابوری وڵاتەکەی گەیشتوەتە خراپترین ئاست، بەڵام لەو کاتەشدا نەیانهێشتوە دوژمن بە ئامانجەکانی بگات و وڵاتەکەی توشی داڕوخان بێت، نەهانهێشتوە موچەی کارمەندانی حکومی و خانەنشینان و هاوکاری هەژاران بۆ یەک رۆژیش دوابکەوێت.
حەسەن رۆحانی وتیشی، "پەرلەمان هی گەلە نوێنەران لەلایەن هاوڵاتیانەوە هەڵبژێردراون، بۆیە پێویستە بەرژەوەندی نیشتیمانی و ئاسایشی نەتەوەیی لەپێش ئاڕاستە و بەرژەوەندیە حزبییەکانیان دابنێن".
خەندان-
