عەلی باباجان لەدژی قەیوومدانان بۆ شارەوانییەكانی هەدەپە هاتە دەنگ
عەلی باباجان سەرۆكی پارتی (دەوا) لە توركیا، لەدژی قەیوومدانانە بۆ سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە هاتە دەنگ و، دەڵێت مادام دووریان دەخەیتەوە، كەوایە بۆچی هەڵبژاردن دەكرێت؟
باباجان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، ئەو سەرۆك شارەوانییانە دەنگی سەدان و هەزاران هاووڵاتیان بەدەست هێناوە، بەڵام كاتێك لە سەرۆك شارەوانی دووریان دەخەیتەوە، كەواتە ئیرادەی دەنگدەرت بە هیچ حیساب كرد.
ئەو گوتیشی: "پێویستە لەڕێگەی یاسا و لەڕێگەی دادگاوە سەرۆك شارەوانی دوور بخرێتەوە، واتە ئەگەر هەر تۆمەتێكی دەدرێتە پاڵ، پێویستە لەڕێگەی دادگاوە بێت نەك حكوومەت، بۆیە ئەوەی ئێستا دەكرێت شتێكی نایاساییە. مادام لە سەرۆكی شارەوانی دووریان دەخەیتەوە، ئەی كەوایە بۆچی هەڵبژاردن دەكرێت؟ هەر لە سەرتاوە بڵێن هەڵبژاردن پێویست نییە".
باباجان دەڵێت هەدەپە پارتێكی سیاسییە و بە گوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا دروست بووە و هاتووەتە ناو هەڵبژاردن، ئیتر بۆچی سەرۆك شارەوانییەكانی دوور دەخەیتەوە و دەیانخەیتە زیندانەوە.
باسنیوز
