ئەڵمانیا بەمزوانە گەشتەکانی بۆ 31 وڵاتی ئەوروپی و شنگن دەستپێدەکاتەوە

 ئەڵمانیا بەمزوانە گەشتەکانی بۆ 31 وڵاتی ئەوروپی و شنگن دەستپێدەکاتەوە
ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار بڵاویان کردوەتەوە، حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت قەدەغەی گەشتی ئاسمانی و وشکانی بۆ 31 وڵاتی ئەوروپی هەڵبگرێت.

ئەڵمانیا خوازیارە لە رێکەوتی 15ی حوزەیرانەوە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ 31 وڵاتی ئەوروپی هەڵبگرێت

بەگوێرەی رۆیتەرز کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردوەتەوە، ئەڵمانیا خوازیارە لە رێکەوتی 15ی حوزەیرانەوە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ 31 وڵاتی ئەوروپی هەڵبگرێت.

حکومەتی ئەڵمانیا بەشێوەی قۆناغ گەشتی ئاسمانی و وشکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەستپێدەکاتەوە

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوەداوە، ئەگەر دۆخی قەیرانی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا و ئەو 31 وڵاتە بەرەو قوڵبونەوەی زیاتر نەروات، ئەوا حکومەتی ئەڵمانیا بەشێوەی قۆناغ گەشتی ئاسمانی و وشکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەستپێدەکاتەوە.

داوای دەستپێکردنەوەی گەشت بۆ 26 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا(بە بریتانیاوە) و ژمارەیەک وڵاتی سنوری شنگن کراوە

داخوازیەکەی حکومەتی ئەڵمانیا وەک پرۆژەی پێشنیازکراو بۆ پەسەندکردنی کۆتایی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، کە تیایدا داوای دەستپێکردنەوەی گەشت بۆ 26 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا(بە بریتانیاوە) و ژمارەیەک وڵاتی سنوری شنگن کراوە.

هەفتەی رابردو هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە میانی دوهەمین دیالۆگی وڵاتانی دراوسێ لە ئەوروپا رایگەیاند،" لەدوای قەیرانی کۆرۆنا ئەڵمانیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتیەکانی و وەرگرتنی گەشتیارانی پشوی هاوین، بەڵام پێش هەمو شتێک دەبێت رەچاوی چەند خاڵێک بکرێت".

بەگوێرەی ماس، لەسەروبەندی دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتیەکان دەبێت لە کاتی گەڕانەوەی گەشتیاران بۆ وڵاتانی خۆیان رێکارەکانی کەرەنتینرەکردن کەمبکرێنەوە و وڵاتانی ئەوروپاش خاوەنی یەک رێکار و مەنهەج بن سەبارەت بە رێنماییەکانی گەشتیاران.







خەندان
Top