ئەردۆگان: ئیستانبوڵ بوەتە ناوەندێكی تەندروستی نێودەوڵەتی
رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە هاوڕێیەتی شێنزۆ ئابی، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن لە ئیستانبول ئامادەی مەراسیمی كردنەوەی شاری تەندروستی "باشاك شێهیر چام و ساكورا" بون، كە لە بەشی ئەوروپا-ی ئەوشارە بنیادنراوە.
شاری تەندروستی باشاك دەبێتە یەكێك لە براندە بازرگانییەكانی وڵاتەكەی لە بوارەكانی گەشتیاری و تەندروستیشدا
لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكدا لەو مەراسیمە، ئەردۆگان رایگەیاند "شاری تەندروستی باشاك دەبێتە یەكێك لە براندە بازرگانییەكانی وڵاتەكەی لە بوارەكانی گەشتیاری و تەندروستیشدا".
بوەتە ناوەندێكی جیهانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا شاری ئیستانبوڵ بوەتە ناوەندێكی جیهانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەرێگەی ژێرخانی ئابوریی تەكنەلۆجی و باڵەخانەكانییەوە.
سەبارەت بە هاریكارییەكانی نێوان ژاپۆن و توركیا، ئەردۆگان وتی "هەردو وڵات سەركەوتنێكی نمونەییان بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا كەرتی تەندروستی وڵاتانی دیكە هەرەسیان هێناوە".
سوپاسی ئەو دو كۆمپانیا ژاپۆنی و توركیەشی كرد كە شارە تەندروستییەكەیان بنیادناوە
هاوكات سەرۆكی توركیا سوپاسی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنی كرد، بۆ بەشداریكردنی لە مەراسیمی كردنەوەی شارە پزیشكییەكەدا و سوپاسی ئەو دو كۆمپانیا ژاپۆنی و توركیەشی كرد كە شارە تەندروستییەكەیان بنیادناوە.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەردۆگان باسی لەوەكرد، وڵاتەكەی پرۆژەی زۆر گرنگی هاوشێوەی پردی "عوسمان غازی" و تونێلی مارمارای" لەگەڵ كۆمپانیا ژاپۆنییەكان بەئەنجامگەیاندوە.
رونیشیكردەوە، ئەمڕۆ بە كردنەوەی شارێكی تەندروستی، هەنگاوێكی نوێی بەرەوپێشەوە لە پەیوەندییە هاوڕێیەتییەكەی توركیا-ژاپۆن نرا، كە رەگەكانی داكوتیوە و هەمیشەیی دەبێت.
خەندان
