سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و باس لە "ئاواتەكەی سولەیمانی" دەكات
ستایشی كوژراونی لەو رێگەیەدا كردوە و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی وەك یەكێك لە شەهیدانی ئەو رێگەیە ناوبردوە
بەبۆنەی رۆژی جیهانی قودس-ەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا جەختیكردوەتەوە لەسەر بەرگریكردن و راپەرینی فەڵەستین، ستایشی كوژراونی لەو رێگەیەدا كردوە و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی وەك یەكێك لە شەهیدانی ئەو رێگەیە ناوبردوە.
هێشتا ئەو برینە دەكوڵێتەوە و دۆسیەكەی كردوەتە دۆسیەیەكی ناوچەیی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "وێڕای تێپەڕینی 72 ساڵ بەسەر داگیركردنی خاكی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە كە بە (زایۆنییەكان) ناویبردوە، بە پلانگێڕی هەریەك لە بریتانیا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەئێستادا گەمارۆكان بەردەوامیان هەیە لەسەر گەلی فەلەستین لە پێش چاوی هەمو جیهان، هێشتا ئەو برینە دەكوڵێتەوە و دۆسیەكەی كردوەتە دۆسیەیەكی ناوچەیی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی".
ئێران پشتیوانی لە دۆسیەی فەڵەستین و ئازادكردنی قودس دەكات
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئێران پشتیوانی لە دۆسیەی فەڵەستین و ئازادكردنی قودس دەكات، ئەوەش ئامانجێكی ستراتیجی بوە بە درێژایی تەمەنی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی دامەزراندنی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران و رەخساندنی هەل بۆ قوڵكردنەوەی ئەو ستراتیجییەتە.
سولەیمانی 20 ساڵی تەمەنی لە بەهێزكردنی هێزێكی بەرگریدا بەسەربردوە و نمونەیە بۆ گەنجانی گەلانی ئیسلامی
سەبارەت بە سولەیمانی لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "قاسم سولەیمانی 20 ساڵی تەمەنی لە بەهێزكردنی هێزێكی بەرگریدا بەسەربردوە و نمونەیە بۆ گەنجانی گەلانی ئیسلامی لەپێناو رزگاركردنی گەلی فەڵەستینی رەنجدەر و گێڕانەوەی مافەكانیان".
لە داهاتویەكی نزیكدا لەسەر نەخشەی جیهان ناوی ئیسرائیل دەكوژێندرێتەوە و دەخرێتە زبڵدانی مێژو
هاوكات دژ بە "پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" كە لەنێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا واژۆكراوە و تایبەتە بە كۆنتڕۆڵكردنی بەشێك لە خاكی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوەكەیدا نوسیویەتی، "ئەو كارە نزیكماندەكاتەوە لە مەگە كیانی زایۆنی، لە داهاتویەكی نزیكدا لەسەر نەخشەی جیهان ناوی ئیسرائیل دەكوژێندرێتەوە و دەخرێتە زبڵدانی مێژو".
خەندان
