وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران : سزا نوێیەکانی ئەمریکا پێشێلکارییە لە بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
زیادکردنی چەند کەسانێکی ئێران بۆ لیستی سزاکانی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ شکستی ئەو وڵاتە لەو سزایانەی کە پێشتر بەسەر وڵاتەکە سەپاندویەتی
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "زیادکردنی چەند کەسانێکی ئێران بۆ لیستی سزاکانی ئەمریکا کە لەبواری ئابوری و بازرگانیدا کارناکەن، ئاماژەیە بۆ شکستی ئەو وڵاتە لەو سزایانەی کە پێشتر بەسەر وڵاتەکە سەپاندویەتی".
سزا نوێیەکانی ئەمریکا پێشێلکارییە لە بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
هاوکات ئەوەشی خستەڕو، سزا نوێیەکانی ئەمریکا پێشێلکارییە لە بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هاوکات داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد لێپێچینەوە لە واشنتن بکەن لەسەر ئەنجامدانی ئەو سەرپێچییانە.
شەوی رابردو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ژمارەیەک سزای نوێ بەسەر ئێراندا سەپاند، کە نۆ کەسایەتی ئەو وڵاتەی لەخۆ گرتبو عەبدولرەزا رەحمانی فەیسەڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران یەکێک بو لەو کەسایەتییانە لەگەڵ سێ دامەزراوەی دیکەی ئەو وڵاتە.
ساڵی 2018 ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە، بە چەند قۆناغێک سزا سەپێنراوەکانی پێش رێککەوتنەکەی سەپاندوەتەوە بەسەر ئێراندا، تا ئەو وڵاتە ناچاربکات رێککەوتننامەیەکی نوێی لەگەڵدا واژۆبکات، بەڵام تاران لابردنی سزاکانی وەک مەرجی پێشەکی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا داناوە.
خەندان
