ئەمەریکا ئابڵوقە دەخاتە سەر وەزیری ناوخۆی ئێران

ئەمەریکا ئابڵوقە دەخاتە سەر وەزیری ناوخۆی ئێران
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئابڵوقە دەخاتە سەر وەزیری ناوخۆی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئەم هەنگاوەش لەکاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ "گەورەترین کەمپەینی" لەدژی تاران دەستپێکردووە.

ئابڵوقە نوێیەکانی ئەمەریکا ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا عەبدولرەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران. ئابڵوقەکە هەروەها سێ دامەزراوەی ئێرانی دەگرێتەوە، لەوانە دوو زیندان.

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا لەمبارەیەوە گوتی "باوەڕمان وایە رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران کارتی سپی بە پۆلیسی ئێران داوە بۆ ئەوەی هێز بەکاربهێنن لەدژی خۆپیشاندەران و ئەوانەش کە لە نزیکیانەوە بوون و بیانکوژن. ئەو فەرمانانەش بوونەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر، لەنێویاندا 23 کەسیان تەمەنیان لە خوارووی 18 ساڵ بووە".

ئەو خۆپیشاندانەی پۆمپێیۆ باسی دەکات لە مانگی نۆڤەمبەری 2019 لە ئەهواز دەستیپێکرد، لەدژی زیادبوونی نرخی بەنزین بەڕێژەی 50 بۆ 200%، پاشان فراوان بوو و زۆربەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.

خۆپیشاندانەکانی ئێران تاوەکو سەرەتای 2020 بەردەوام بوون و زیاتر لە 1000 کەس لە خۆپیشاندەران کوژران، دەیان هەزار خۆپیشاندەر بریندار بوون و زیاتر لە حەوت هەزار دیکەش دەستگیرکران، لەبەرامبەردا سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران و 731 بنکەی بانک و 140 باڵەخانەی حکومەت سووتێنران.








باسنيوز
Top