له بەرازیل ژمارەی تووشبوو و مردووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە
ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە بەرازیل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و تەنیا لە 24 کاتژمێردا، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەست دا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 19-5-2020، وەزارەتی تەندروستیی بەرازیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، هەزار و 179 کەس گیانیان لەدەست داوە.
وەزارەتی تەندروستیی بەرازیل هەروەها رایگەیاندبوو، ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا بۆ 271 هەزار و 628 کەس بەرز بووەتەوە و ژمارەی مردووانیش گەیشتووەتە 17 هەزار و 971 کەس.
بەپێی دوایین ئامار (کاتژمێر 10:34 خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-5-2020 بە کاتی هەولێر)، ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە بەرازیل گەیشتووەتە 271 هەزار و 885 کەس و لەو ژمارەیەشدا، 17 هەزار و 983 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
