ئۆباما هێرش دەکاتە سەر بەرپرسانی ئەمەریکا

ئۆباما هێرش دەکاتە سەر بەرپرسانی ئەمەریکا
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێكی کە بۆ دەرچوونی قوتابیانی دواناوەندی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، هێرشی کردە سەر ئیدارەکەی ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا.

ئۆباما لەبارەی قەیرانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەڵێت، ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشن، ئەوەی بە گونجاوی دەزانی، ئەوەی با ئاسانی دەزانی، ئەوە ئەو جۆرەیە کە منداڵان بیر دەکەنەوە.

دەشڵێت، بەداخەوە، زۆر کەس کە بە حیساب گەورەبوون، خاوەنی ناونیشان و کاری گەورەن، بەم جۆرە بیر دەکەنەوە، بۆیە ئێمە بەمجۆرە دۆخە خراپە تێپەڕدەبین.

ئۆباما کە ئەمە دووەم جارییەتی لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ قسە بۆ قوتابیانی دواناوەندی دەکات، بە قوتابییەکان دەڵێت، لەگەڵ ئەو بەهایانە بژین کە دەمێننەوە، وەکو راستگۆیی، بەرپرسیارێتی و رێزگرتن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیارە مانگی یانزدەی ئەمساڵ بکرێت، رکابەری کۆماریی و دیموکراتەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش وایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، جەنگێکی میدیایی دژی رکابەرەکانی دەستپێبکات و رکابەرەکانیشی وەڵامی دەدەنەوە.

لە ئەمەریکا، یەک ملیۆن و 507 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، لەناویان 90 هەزار و 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و 339 هەزار و 232 کەسیش چاکبوونەتەوە.









K24
Top