توێژینەوەیەک: پیاوان شەرم دەکەن دەمامکی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ببەستن
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی (سکای نیوز)، پیاوان بەهۆی نەبەستنی دەمامکەکانەوە زیاتر لە ئافرەتان ئەگەری تووشبوونیان بە پەتاکە هەیە، هەرچەندە کە ئەم رێوشوێنە خۆپارێزییە گرنگە بۆ دانانی سنوورێک لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
لەو توێژینەوەیەدا، کە لەلایەن زانکۆی "میدلیسیکس"ەوە کراوە، تێیدا هاتووە، کە رێژەیەک لە پیاوان وای دەبینن، کە ئەم دەمامکی خۆپارێزییە لە پەتای نوێی کۆرۆنا شتێکی باش نییە. توێژینەوەکەش دوو هەزار و 459 کەسی دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا پرسیار لە بەشداربوان کراوە، کە ئایا دەیانەوێ لە دەرەوە دەمامک ببەستن، یان لە کاتی بەریەککەوتن لەگەڵ کەسانی دیکەدا؟ ئەنجامەکە دەری خستووە، کە پیاوان کەمتر پابەندن بە بەستنی دەمامکەوە، بەڵام ئافرەتان زۆر سوورن لەسەر رێوشوێنە خۆپارێزییەکان، لەپێناو دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکە.
توێژینەوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە پیاوان حەزیان لە بەستنی دەمامک نییە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی سزا یان پێبژاردن بەسەر ئەو کەسانەدا ناسەپێنێ، کە پابەندی رێوشوێنە پزیشکییەکان نابن.
توێژەران لەم بارەیەوە دەڵێن، پیاوان شەرم لە بەستنی دەمامک دەکەن، لە کاتێکدا زانیارییە پزیشکییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن، کە ژمارەی پیاوانی تووشبوو بە کۆرۆنا زۆر زیاترە لە ژمارەی ئافرەتانی تووشبوو.
توێژینەوەکە پشتی بەو نموونەیە بەستووە، کە ١٢٦٦ پیاو و ١١٨٣ ئافرەت تێیدا بەشدار بوونە و ٪٦٠یان تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٤٤ ساڵیدایە.
باسنيوز
