نرخی نەوتی خاو بۆ سەرو 32 دۆلار بەرزبوەوە

 نرخی نەوتی خاو بۆ سەرو 32 دۆلار بەرزبوەوە
لەگەڵ ئەوەی لە بەشێك لە وڵاتانی جیهان بەهۆی دابەزینی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا رێكارەكانی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی سنورەكان هەڵگیراون و بەرەو كەمبونەوە دەڕۆن، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە بازرگانییەكان تا ئاستێك بوژانەوەی بەخۆوە بینیوە.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵیی بڵومبێرگ تایبەت بە كەرتە بازرگانیی و ئابورییەكان لە جیهاندا رایگەیاند، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ سەرو 32 دۆلاری ئەمریكی بەرزبوەتەوە و بڕی 85 سەنت چوەتە سەر نرخی پێشوی.

نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە كۆتا مامەڵەیدا 32.11 دۆلاری ئەمریكی بوە

بەگوێرەی بڵومبێرگ نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە كۆتا مامەڵەیدا 32.11 دۆلاری ئەمریكی بوە و 0.85 دۆلار بەراورد بە نرخی پێشوی زیادیكردوە كە رێژەكەی دەگاتە لەسەدا 2.51.

یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكا بە 28.08 دۆلاری ئەمریكی مامەڵەی پێوەكراوە

هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكا بە 28.08 دۆلاری ئەمریكی مامەڵەی پێوەكراوە و بڕی 0.52 دۆلار بەرێژەی لەسەدا 1.89 نرخەكەی بەرزبوەتەوە.

بەهۆی دابەزینی ئاستی توشبوانی كۆرۆنا لە هەندیك وڵاتانی جیهان، جموجوڵی بازرگانی و ئابوری تا ڕادەیەك دەستیپێكردوەتەوە و ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخەكانی نەوت بە گشتی دروستكردوە، لەكاتێكدا سەبارەت بە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوە و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بۆ دوەمجار نیگەرانی هەیە.

شەوی چوارشەممە-ش بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئاستی نەوتی ناو عەمبارەکانی ئەمریکا بە قەبارەی 745 هەزار بەرمیل کەمیکردوە، كە تا ئاستێک کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخەکەی هەبوە.






خەندان
Top