ئیتاڵیا هەڕەشەی چونەدەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا دەكات
سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا هەڕەشەی كرد بە پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە یەكێتی ئەوروپا، ئەگەر یەكێتییەكە بڕیاربدات لەسەر جێبەجیكردنی پلانی دروستكردنی "رێڕەوی سەوز" لەنێوان چەند وڵاتێكدا.
رۆما لەو یەكێتییە دەكشێتەوە
جۆزێبی كۆنتی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەگەر یەكێتی ئەوروپا بڕیاربدات بە جێبەجێكردنی پلانی دروستكردنی رێڕەوی سەوزی گەشتیاری تایبەت بە چەند وڵاتێك كە ژمارەی توشبون بە كۆرۆنا تێیاندا كەمترە، رۆما لەو یەكێتییە دەكشێتەوە.
وەك ئیتاڵیا بەو پلانە چەند قۆڵیانە لەناو یەكێتی ئەوروپادا رازینابن كە رێگەی گەشتیاری ناوازە دروستدەكات
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان وەك ئیتاڵیا بەو پلانە چەند قۆڵیانە لەناو یەكێتی ئەوروپادا رازینابن كە رێگەی گەشتیاری ناوازە دروستدەكات و ناكرێت گەشتیاریی بە رێككەوتنی جیاواز و جیاكاری مەرجداربكرێت، ئەگەرنا ئێمە لە یەكێتی ئەوروپا دەچینە دەرەوە و هەرگیز رێگەنادەین روبدات.
حكومەتەكە نیگەرانە لەوەی بنیادنانی رێڕەوی سەوزی گەشتیاری كاریگەری بكاتە سەر وڵاتەكەی
كۆنتی وتیشی، كەرتی گەشتیاری بڕی لەسەدا 13ی داهاتی ناوخۆیی ئیتاڵیایە و حكومەتەكە نیگەرانە لەوەی بنیادنانی رێڕەوی سەوزی گەشتیاری كاریگەری بكاتە سەر وڵاتەكەی، كە لە ئێستادا بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆس كۆرۆناوە دەناڵێنێت.
ئەو رێڕەوانە بەواتای داڕوخانی یەكێتی بازاڕی ئەوروپا دێت
وتەكانی كۆنتی لەكاتێكدایە، یەكێتی ئەوروپا لەئێستادا تاوتوێی پلانێك دەكەن لەژێر ناوی بنیادنانی "رێڕەوی سەوزی گەشتیاری" لەنێوان وڵاتاندا لەسەر بنەمای دۆخی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا تێیاندا، لەوبارەیەشەوە سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بە ئۆرسۆلا ڤۆن دێر، سەرۆكی یەكێتی ئەوروپای راگەیاندوە "ئەو رێڕەوانە بەواتای داڕوخانی یەكێتی بازاڕی ئەوروپا دێت".
زیانە ئابورییەكانی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتوەتە نزیكەی 120 ملیار یۆرۆ هەتا كۆتایی ساڵ
بەگوێرەی یەكێتی كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا، زیانە ئابورییەكانی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتوەتە نزیكەی 120 ملیار یۆرۆ هەتا كۆتایی ساڵ، هاوكات 420 هەزار كارمەندی نزیكەی 270 هەزار كۆمپانیای بازرگانی گەشتیاری لەژێر مەترسی ئابوریدان.
حكومەتی ئیتاڵیا بڕی پێنج ملیار یۆرۆی تەرخانكردوە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی گەشتیاری و رۆشنبیری، كە ئەو پارەیە بەشێكە لەو 55 ملیار یۆرۆ-یەی بۆ روبەڕوبونەوەی زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكراوە.
خەندان
