جەهەپە پشتیوانیی پارتەكەی داودئۆغڵو و باباجان دەكات
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، لە تازەترین لێدوانیدا پاڵپشتی پارتەكەی بۆ هەردوو پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی دەوا بە سەرۆكایەتیی عەلی باباجان دەربڕی و رایگەیاند، پێویستە ئەو دوو حزبە نوێیە بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنن.
رۆژنامەی (یەنی چاغی)ی توركی لە زاری كلیچدارئۆغڵو بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری توركیا بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدات، ئەوكات ئەوان وەكو جەهەپە پشتگیری لە پارتەکانی دەوا و ئایندە دەكەن.
كلیچدارئۆغڵو پێیوایە بۆ بەروپێشچوونی دیموكراتی پێویستە ئەو دوو پارتەش وەكو پارت بچنە پەرلەمانەوە، بۆیە ئەوان بەردەوام داوای لابردنی بەربەستی هەڵبژاردن دەکەن.
ئەو رۆژنامەیە باس لە سیناریۆیەكی تر دەكات، كە زیان بە ئاكەپە دەگەیەنێت، ئەویش پارتی دەوا و پارتی ئاییندە بخانە ناو هاوپەیمانی (میللەت)ـەوە، کە جەهەپە لە دژی هاوپەیمانیی ئاکەپە و پارتی نەژادپەرستی تورکیا (مەهەپە)، پێکی هێناوە.
هەروەک لە رۆژنامەکەدا هاتووە، ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باباجان چونکە پێشتر لەناو ئاکەپە بوون، خاڵی لاوازی ئەو پارتە دەزانن و ئەگەر لەگەڵ جەهەپە و پارتی باشدا بچنە ناو هاوپەیمانیی (میللەت)، ئەوا شکست بە ئاکەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکەکەی، دەهێنن.
باسنيوز
