تورکیا.. شەڕی راگەیاندنی نێوان هەدەپە و پارتی باش دەستی پێ كرد
مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش لە چەند دیمانەیەكدا وەكوو سووكایەتی بۆ هەدەپە گوتی، هەدەپە تیرۆریستە و ئێمە لەگەڵی دانانیشین، هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە لە هەر رێككەوتنێك کە هەدەپەی تێدا بێت، پارتی باشی لێ نییە. لە بەرامبەردا "سری سوورەیا ئۆندەر" ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی ئەو پارتە، دەڵێت مادام هەدەپە تیرۆریستە، ئەی بۆچی ئاكشەنەر و سەركردایەتی ئەو پارتە، شاندێكیان ناردە لای هەدەپە و پرسیان بە ئێمە كرد، كە لە هەڵبژاردندا چۆن بتوانن پروپاگەندە بكەن و چی بكەن بۆ ئەوەی سەر بكەون.
ئەم گوتەیەی ئۆندەر لە میدیاكانی توركیا دەنگی دایەوە و بەشێك پێیان وابوو پارتی باش بە نهێنی پەیوەندیی لەگەڵ هەدەپەدا هەیە و لە خەڵكی دەشارێتەوە.
گوتەكەی ئۆندەر، مەرال ئاكشەنەری ناچار كرد، بێتە سەر رادیۆی (قەرەقووتوو) و ئۆندەری بە درۆ خستەوە و گوتی ئاشكرای بكە چۆن رای ئێوەمان وەرگرتووە لە هەڵبژاردندا.
ئاكشەنەر وەكوو هەڕەشەیەك بۆ هەدەپە دیسان بە تیرۆریست ناوی بردن و گوتی: "لە هەموو میتینگەكانتاندا پۆستەری ئۆجەلان بەرز دەكەنەوە و بەردەوام بە ئۆجەلان دەڵێن سەرۆك، ئیتر ئێمە چۆن لەگەڵتان دابنیشین".
لە لایەكی ترەوە، بەشێكی زۆر لە نووسەرانی توركیا رەخنە لە سیاسەتی پارتی باش دەگرن، بەوەی سووكایەتی بە هەدەپە و جەماوەرەكەی دەكات و بەردەوام ئەوانی پێ تیرۆریستە.
بەڵام ئاكشەنەر ئاماژە دەدات، كە ئەو بە جەماوەری هەدەپە ناڵێت تیرۆریست، بەڵكوو بە سەركردایەتیی ئەو پارتە دەڵێت تیرۆریست، چونكە جەماوەر لە هەر ئەگەرێكدا لەسەر سندووقی دەنگدان بۆچوونی خۆی دەگۆڕێت.
ئەوەی ماوەتەوە بگوترێت بە گوێرەی راپرسییەكان، ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن لە توركیا بكرێت، هەدەپە دەتوانێت بە ئاسانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، بەڵام پارتی باش دەنگەكانی بۆ ٧٪ كەم بووەتەوە و ناتوانێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.
باسنيوز
