لە توركیا هەدەپە دەخرێتە دەرەوەی بازنەی حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە
موراد سابونجو رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، وەكوو رەخنەیەك بۆ جەهەپە و پارتی باش، لە نووسینێكدا هێرشیان دەكاتە سەر و، دەڵێت بیرتان چووە كە ئەگەر هەدەپە نەبایە، ئێستا ئێوە نەتاندەتوانی سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنقەرە ببەنەوە، ئەی چۆن ئێستا دەتانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا نەكەن و وەكوو تیرۆرست بیچوێنن.
هەدەپە سێیەم گەورەترین پارتە لەناو پەرلەمانی توركیا و خاوەنی ٦١ كورسییە، بەڵام مەهەپە و پارتی باش كە دەنگەكانیان زۆر لە هەدەپە كەمترە، كەچی هەدەپە وەكوو تیرۆرست دەچوێنن و هێرشی دەكەنە سەر.
سابونجو لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، باس لە دەنگەكانی هەدەپە دەكات كە ٦ ملیۆن دەنگدەرە، كەچی كە باس لە یەكێتی و تەبایی و یەكڕیزی دەكرێت و دەیانەوێت ئەو هێزە گەورەیە فەرامۆش بكەن.
بە گوێرەی تازەترین راپرسیی دەزگای راپرسی (كۆندا)، ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن لە توركیا ئەنجام بدرێت، هەدەپە دەتوانێت بەربەست بشكێنێت و ١٢٪ی دەنگەكان دەهێنێت، كەچی شەڕێكی میدیایی زۆر خراپ لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و پارتی دەسەڵات كە ئاكەپەیە لەگەڵ ئەو پارتەدا دەكرێت، ئەمەش بە مەترسی بۆ دواڕۆژی توركیا لێك دەدرێتەوە.
باسنيوز
