چۆن لە ئاسمانەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێرانەوە گوازرایەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

چۆن لە ئاسمانەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێرانەوە گوازرایەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
تۆڕی هەواڵیی (بی بی سی)ی بەریتانیی، بەدواداچوونی بۆ وردەکارییەکانی ڕۆڵی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (ماهان ئایێر)ی ئێرانی، لە گواستنەوەی ڤایرۆرسی کۆڤید١٩ لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشێلکردنی بڕیارە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەکانی قەدەغەکردنی گەشتی ئاسمانیی، کردووە.

(بی بی سی) تەواوی زانیاری و داتاکانی شی کردووەتەوە و قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ناو کۆمپانیای ناوبراو کردووە، بۆ ئەوەی چۆنییەتیی ئەم سەرکێشییەی کۆمپانیاکە و چەندین جار شکاندنی بڕیارە حکوومییەکانی تایبەت بە قەدەغەی گەشتی ئاسمانیی، ڕوون بکەنەوە. بەتایبەتی لە گەشتە پێچەوانەکانی ئەم کۆمپانیایە لەنێوان (ئێران، عێراق، سووریا، لوبنان و ئیماڕات).

لە ٣١ی کانوونی دووەم، ئێران تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ چین ڕاگرت. ئامانج لەم هەنگاوەی تاران، ڕێگرتن بوو لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩، بەڵام (بی بی سی) ئەوەی ئاشکرا کرد، کە تەنیا یەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانیی لە گەشتەکانی بەردەوام بوو.

ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ڕۆڵێکی کاریگەری بینی، لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتانەی، کە زۆر لاوازن.

(ماهان ئایێر) گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانییە، کە لە لیستی سزا سەپێندراوەکانی ئەمریکایە بەسەر ئێراندا. ئەمەش بە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵی کۆمپانیاکە بە سووپای پاسداران (پاسەوانی شۆڕش)، کە دەسەڵات و ئۆتۆریتەیەکی گەورە و فراوانی لە وڵاتەکەدا هەیە.

بەپێی زانیاری و داتاکانی چاودێریکردنی ئەو گەشتانەی، کە لە میانی بەدواداچوون و لێکۆڵێنەوەکەیدا، (بی بی سی) دەستی کەوتوون و شی کردوونەتەوە. لە ماوەی نێوان ٣١ی کانوونی دووەم تا ٢٠ی نیسان و سەرەڕای قەدەغەکردنی گەشتی فڕۆکەوانیی لە نێوان چین و ئێران، کۆمپانیای (ماهان ئایێر) ١٥٧ گەشتی ئاشمانیی لە نێوان ئێران و چوار شاری دیاری چین (پەکین، شانگهای، گوانزۆ و شنزن) کردووە. ئەمەو سەرەڕای چەند گەشتێکی تر، کە کۆمپانیایەکە دەڵێ بە مەبەستی گەیاندنی هاوکارییەکان، یان گواستنەوەی ئەو ئێرانییانەی لەو وڵاتەدا گیریان خواردبوو، ئەنجامی داون و ئێران بە فەرمیی ڕێگای بە کۆمپانیای (ماهان) داوە، کە ئەو قەدەغەی فڕینەی نێوان ئێران و چین بشکێنێت.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و تۆماری دەنگیی ناو نەخۆشخانەکانی ئێران، کە پڕ بوون لە تووشبووانی ڤایرۆسەکە. سەرچاوەیەکی ناوخۆی کۆمپانیای (ماهان ئایێر) بە (بی بی سی) ڕاگەیاندووە، کە زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئەندامانی تیمیەکانی کۆمپانیاکە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید١٩ یان لێ دەرکەوت. هەندێکیش لەوانەی لە کۆمپانیاکەدا کار دەکەن، باسیان لەوە کردووە، کە نەیانتوانیوە دەستیان بە ئامراز و پێداویستییەکانی خۆپارێزیی بگات و کاتی پێویستیشیان پێ نەدراوە، بۆ ئەوەی دوای گەڕانەوەیان لە چین، خۆیان لە ماڵەکانیان کەرەنتینە بکەن.

(بی بی سی) دەستی گەیشتووە بە ناوەڕۆکی نووسراوی ڕێککەوتنی ”پابەندبوون بە نهێنی“، کە وێنەی بەسەر تەواوی کارمەندانی کۆمپانیاکەدا دابەش کراوە. تیایدا هەڕەشە لە کارمەند و تیمە فڕۆکەوانییەکانی کۆمپانیاکە کراوە، لە حاڵەتی نیشاندانی ترس و دڵەڕاوکێ و شڵەژان، ئەوا دەدرێنە داگای تاوانەکان.

هاوکاتی ئەو گەشتە ئاسمانیانەی بۆ شارەکانی چین، کۆمپانیای ناوبراو لەو ماوەیەدا، لە گەشتەکانی خۆی بۆ هەر یەکە لە (عێراق، سووریا و لوبنان) بەردەوام بووە.

بەهۆی زانیاریی گەشتەکان و قسەکردن لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی، (بی بی سی) ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە، کە یەکەم تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە هەر یەکە لە عێراق و لوبنان، بە فڕۆکەکانی کۆمپانیای (ماهان ئایێر)ی ئێرانی گەشتیان کردووە و دوای ئەوە عێراق لە ٢١ی شوبات، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد. کەچی پێنج ڕۆژ دوای ئەو بڕیارە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیشتنەوەی گەشتێکی فڕۆکەیەکی (ماهان) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، کە لە تارانەوە هاتبوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاو بووەوە.

زانیاری و داتاکانی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا، کە (بی بی سی) دەستی کەوتوون و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوون، ئەوە ئاشکرا دەکەن، کە دوای بڕیاری قەدەغەکردنەکە، ڕێگا بە نیشتنەوەی ١٥ گەشتی کۆمپانیاکە لە نێوان ئێران و عێراق (هاتن و چوون) دراوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ (بی بی سی)، حکوومەتی عێراقی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، گەشتەکان بە ئامانجی گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە، کە لە هەردوو وڵات گیریان خواردبوو. هاوکاتی ئەمە و سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردنی فڕین و گەشتە ئاسمانییەکان، بەڵام کۆمپانیای (ماهان) لە گەشتەکانی خۆی بۆ وڵاتانی دیکەش بەردەوام بوو.

بۆ نموونە: هەشت گەشتی پێچەوانەی لەنێوان تاران و دیمەشق، ٣٧ گەشتی پێچەوانەی نێوان تاران و دوبەی، ١٩ گەشتی پێچەوانە لەنێوان تاران و ئیستانبۆل، لەگەڵ ١٨ گەشتی سەرپێچی لە تەواوی جیهاندا کردووە.
وێدەچێ هەموو ئەم وڵاتانە، بە شکاندنی بڕیاری قەدەغەی فڕین، کە بەسەر خۆیشیان سەپاندبوویان، کەچی مۆڵەتی فەرمیی نیشتنەوەیان بە فڕۆکەکانی (ماهان) دابێت. لەو کاتانەدا کۆمپانیای دیکەی فڕۆکەوانیش هەبوون، کە گەشتی پێچەوانەیان لەنێوان ئێران و وڵاتی دووەم کردووە، بەڵام (ماهان) تەنیا کۆمپانیا بووە، کە بەم شێوە بەرچاوە، درێژەی بە گەشتەکانی داوە.

سەبارەت بەم پێشێلکارییەوە و شکاندنی بڕیارەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، (بی بی سی) زۆر هەوڵی دا پەیوەندیی بە کۆمپانیای (ماهان ئایێر) و حکوومەتی ئێران، هەروەها بەو حکوومەتانەشەوە بکات، کە ڕێگایان بە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی کۆمپانیای ناوبرا داوە، بەڵام هەموویان ڕەتیان کردووە هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەک لەم بارەیەوە بۆ (بی بی سی) بدەن.












باسنيوز




Top