کۆتا ڕۆژی هەڵگرتنی قەدەغە.. وڵاتانی ئەوڕوپا لە ترسی شەپۆلێکی نوێی کۆڕۆنا، بە دڵەڕاوکێوە هەنگاو دەنێن

کۆتا ڕۆژی هەڵگرتنی قەدەغە.. وڵاتانی ئەوڕوپا لە ترسی شەپۆلێکی نوێی کۆڕۆنا، بە دڵەڕاوکێوە هەنگاو دەنێن
بەپێی ئامارەکانی ناو ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “ئەسۆشێیتد پرێس”، کە لە سەرچاوە فەرمیەەکانی وەرگرتووە. لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس تووشی پەتای کۆڕۆنا بوون، هەروەها ئەم ڤایرۆسە بووە هۆی کەشتنی ٢٢٧ هەزار کەس، بەڵام زۆرێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوە تەندروستییەکانی جیهان پێیانوایە، کە ئەم ژمارەیە زۆر لەوە کەمترە، کە بوونەتە قوربانیی پەتاکە، بەتایبەتی کە بەشێیک زۆر لە وڵاتان خۆیان لە دانی زانیاری و ئاماری دروستی تووشبوو و قوربانییەکان، ئەمەو سەرەڕای بەردەوامیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لێرە و لەوێی دونیا.

ئەم ئامارانە و بەردەوامیی هەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە لەکاتێکدان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئایار، لەناو جۆڕێک لە ترس و دڵەڕاوکێ لە ئەگەری سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڤید١٩، زۆرێک لە وڵاتە ئەوڕوپییەکان کۆتاییان بە دۆخی قەدەغەی هاتوچۆ هێنا.

ئەم هەنگاوەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوڕوپا لەکاتێکدایە، کە بەشێک لە وڵاتانی تری جیهان، وەک ئامادەکاریی و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری تووشبوونی زیاتری هاووڵاتیانیان، بە سەپاندنی هەندێ ڕێکار و ڕێنوێنیی توندی خۆپارێزیی، دۆخی قەدەغەیان درێژ کردووەتەوە.

کۆریای باشوور، کە بە هۆی لێشاوی تووشبووانی ئێوارەی دوێنێ شەممە ٩ی ئایار، بڕیاری داخستنی شوێنە گشتییەکان و بەتایبەتیش باڕ و یانە شەوانەییەکانی دا. ئەم بڕیارەی کۆریای باشوور دوای ئەوە هات، کە بە هۆی گەنجێکی بەرکەوتووی ڤایرۆسەکە و لەکاتی چوونی بۆ ژمارەیەک یانەی شەوانەی پایتەختی ئەو وڵاتە، دەیان کەسی تر تووشی بوون.

سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە وڵاتە ئەوڕوپییەکان هەنگاوی کۆتاییهێنان بە قەدەغەیان نا، بەڵام دوور نییە ئەم پێشهاتە چاوەڕوان نەکراوەی کۆریا باشوور، کە بە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتان لە ئیدارەدانی قەیرانەکان و بەتایبەتیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا دادەنرێت، وا لەو وڵاتە ئەوڕوپییانە بکات بە وریاییەوە هەنگاو بنێن و پەندێک لە دۆخەکەی کۆریای باشوور وەربگرن، بەتایبەتی وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا، کە لە یەک دوو هەفتەی ڕابردوو، ڕێژەی تووشبوو و قوربانییەکان کەمی کرد، ئەمەو دوای ئەو باجە گەورەیەی، ئەو وڵاتانە لە بواری ئابوورییەوە بە هۆی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی خۆپارێززی گرتیانە بەر، بەریان کەوت.

بۆیە بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو وڵاتە ئەوڕوپییانە بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژ و هەنگاو بە هەنگاو و بەپێی دۆخی هەر ناوچەیەک، ئەم کۆت و بەندانەی قەدەغەیە هەڵدەگرن. بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەکوو فەڕەنسا زۆرترین ئەو کۆت و بەندانە لەسەر ئەو ناوچانە هەڵدەگیرێن، کە بە “ناوچەی سەوز” ناسراون، لەکاتێکدا ناوچە “سوورەکان”، کە هێشتا زۆرترین هەڕەشە و مەترسییان لەسەرە، هەڵگرتنی کۆت و بەندەکان سنووردار دەبن.

وەک چۆن لە ئیسپانیا، هەڵگرتنی کۆت و بەندەکانی قەدەغە، هەردوو شاری سەرەکیی “مەدرید و بەرشلۆنە” ناگرێتەوە. هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی کیشوەرە پیرەکە، بەتایبەتی لە وڵاتانی (بەلجیکا، یۆنان، چیک، کرواتیا، ئۆکرانیا، ئەلبانیا، دانیماڕک و هۆڵەندا) هەندێک لە کۆت و بەندەکان سووک و کەم دەکرێنەوە، بەڵام لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزیی، بە جۆرێکی دیکە و بە میکانیزمی جیاواز، بەدرەوام دەبن.

ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ئەوڕوپا لەکاتێکدایە، کە لە ڕووسیا بە هۆی ئەوەی ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تووشبووی نوێ تۆمار دەکرێن، ناچارە کۆت و بەند و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی توند و تۆکمەتر بکات. هەرچی پەیوەندیشی بە بەریتانیاوە هەیە، کە یەکێکە لەو وڵاتە ئەوڕوپییانەی زۆرترین ژمارەی قوربانیانی کۆڕۆنای تێدا تۆمار کراوە (بە لایەنی کەمەوە ٣١ هەزار قوربانیی)،چاوەڕوان دەکرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئایار، “بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیران” کە بۆ خۆیشی یەکێک بوو لە بەرکەوتووانی ڤایرۆسەکە، لە بارەی دوا پێشهاتەکان و هەڵوێستی وڵاتەکەی لەمەڕ دۆخەکە، قسە بکات، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسەکان و ناوەندە پزیشکیی و تەندروستییەکان، چاوەڕوان ناکرێت کە بەریتانیا کۆت و بەند و ڕێکارە خۆپارێزییەکانی سووک بکات، بەتایبەتی لە کردنەوەی شوێنە بازرگانییەکان و باخچە گشتییەکان. تەنانەت حکوومەتی ئەو وڵاتە سەرقاڵی ئەوەیە دابڕگە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژی تر درێژ بکاتەوە.

لەم بارەیەوە “جۆنسۆن” لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسییویەتی: “ناتوانین ڕیسک بە گەڕانەوە بۆ ترۆپکی دووبارە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بکەین” و داوای لە هاووڵاتییەکانی کردووە کە لە هەوڵ و هاوکارییەکانیان “بەردەوام” بن، بۆ ئەوەی ڕێگا لە دووبارەبوونەوەی لەم جۆرە بکەن.

ئەم پێشهات و گۆڕانکارییانە لەکاتێکدان، کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان ترسێکی زۆریان لە “شەپۆلی دووەم”ی تووشبوون هەیە، بەتایبەتی کە تا ئێستا پێکووتە، یان دەرمانێک نییە چارەسەری پەتاکە بکات، تا بتوانن کۆت و بەند و ڕێکارەکان خاو و کەم بکەنەوە.

بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەکوو ئەڵمانیا کە بەراورد بە وڵاتانی تر، تا ئاستێک و بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە شەپۆلێکی گەورەی تووشبووان و قوربانیان دوورە، وای کرد پێش وڵاتە ئەوڕوپییەکان قەدەغە هەڵبگرێ، تەنیا لەو ناوچانە نەبێت، کە هێشتا ڤایرۆسەکە مەترسی و هەڕەشەیە بۆسەر خەڵک.

سەبارەت بەم بارودۆخە، “ماری - پۆل کیینی، پسپۆری ڤایرۆسەکان و جێگری پێشووی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی”، کە هاوکات ئەندامی ئەو لیژنەیەی شارەزایانیشە، کە حکوومەتی فەڕەنسی پرس و ڕاوێژیان پێ دەکات”، جەخت لەسەر “پێویستیی ڕەها”ی پابەندبوونی خەڵک بە “ڕێنوێنی و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و دوورکەوتنەوە و پێویستیی بیرکردنەوە لە پاراستنی خۆیان و بەرامبەرەکانیان” دەکاتەوە.













باسنيوز


Top