میدیایەکی عێراقی دەنگۆیەک لەبارەی عەبدولمەهدییەوە رەت دەکاتەوە

میدیایەکی عێراقی دەنگۆیەک لەبارەی عەبدولمەهدییەوە رەت دەکاتەوە
سەرچاوەیەکی میدیایی عێراقی دەنگۆیەک لەبارەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، رەت دەکاتەوە.

ماڵپەڕی (ئەلمەعلومە)ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە ماڵەکەی خۆیەتی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و نەچووەتە دەرەوەی وڵات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی عێراق راگیراون.

رۆژی هەینی بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە عادل عەبدولمەهدی وڵاتەکەی بەجێ هێشتووە و رووی لە فەرەنسا کردووە.

عەبدولمەهدی، کە خاوەن هەردوو رەگەزنامەی عێراقی و فەرەنسییە، رۆژی پێنجشەممە 7-5-2020، حکوومەتەکەی رادەستی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کرد.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 6-5-2020، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، پەسەند کرد.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات، کە لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.











باسنيوز






Top