ئاشتیی نێودەوڵەتیی و جەنگی دژی کۆڕۆنا دەبێتە قوربانیی شەڕی ”ڤیتۆ“ی وڵاتان!
ئەمریکا بە هەڵوێستێکی لەناکاو، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش تووشی سەرسوڕمان دەکات، لەو کاتەیدا سەرقاڵی دەنگدان لەسەر بڕیارێکی ئەنجوومەنەکە بوو، کە تیایدا داوای ڕاگرتنی جەنگ و ڕاگەیاندنی هودنە لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆ ئەوەی یارمەتیی وڵاتان بدەن، تا بە شێوەیەکی باشتر ڕووبەڕووی پەتای کۆڕۆنا (کۆڤید١٩) ببنەوە.
هەڵوێستەکەی واشنتۆن دوای ڕۆژێک لەسەر ڕەزامەندیدان لەسەر دەقی بڕیارەکە دابوو.
دوای دوو مانگ لە گفتوگۆی چڕ و ماندووکەر لەسەر ناوەڕۆکی بڕیارەکە، نێردەی ئەمریکی بە نوێنەری ١٤ وڵاتەکەی ئەنجوومەنەکەی ڕاگەیاند کە “ئەمریکا ناتوانێت پشتگیریی ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە بکات”.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی “فڕانس پرێس”، سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی، کە بۆچی واشنتۆن لە نزیکبوونەوەی کۆتایی لە دەرکردنی بڕیارەکە، پاشگەز بووەوە؟ بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە: “چەندین جار چین لەمپەری خستووەتە بەردەم ئەم هەوڵ و هەنگاوانە، کە دەکرا ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەریان بەردەوام بێت”.
ئەم ئاستەنگ دروستکردنەی ئەمریکا وا لە دەستەی نێودەوڵەتیی بۆ ئاشتی و ئاسایش دەکات، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتایەک بێدەنگ بێت، کە لە سەدەیکدا یەک جا ڕوو دەدات. پەتایەک کە تا ئێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە ٢٧٠ هەزار کەس لە جیهاندا و ڕۆژ دوای ڕۆژیش مەترسییەکانی زیاتر دەبن.
هاوکات ژمارەیەک دیبلۆماتکار بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، کە ئەو زمانەی لە ڕەشنووسی پڕۆژە بڕیارەکەدا، سەبارەت بە وەسفکردنی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بەکارهێنراوە، هۆکاری ئەوەیە ئەمریکا بە ئاراستەی دەنگ نەدان لەسەر بڕیارەکە بجوڵێتەوە. لە بەرامبەر کۆمەڵێک سەرچاوە بە ئاژانسەکەیان گەتووە، کە ئەمریکا بەم هەنگاوەی، ویستوویەتی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ڕەشنووسی بڕیارێک بگەڕێتەوە کە جەخت لەسەر پێویستیی زیاتری “ڕۆشنیی - شەقافیەت” لە هاوکاریی نێودەوڵەتیی بکاتەوە بۆ ڕاگرتنی تەشەنەسەندنی پەتاکە.
لای خۆیشیەوە بەرپریک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: “لە ڕوانگەی ئێمەوە، یان ئەوەتا دەبێ ئەنجوومەن بڕیارێک بدا، کە تایبەت بێت بە پشتگیریکردنی ڕاگرتنی جەنگ، یان بڕیارێکی فراوانتر، کە بە تەواوی جەخت لەسەر نوێکردنەوەی پابەندبوونی دەوڵەتانی ئەندام بکات بە شەفافییەت و توانای لێپرسینەوەیان لە چوارچێوەی کۆڤید١٩”.
پەیوەست بەم بابەتە، دۆناڵد ترامی - سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بە نواندنی خەمساردیی و کەمتەرخەمیی لە بەرامبەر مەترسیی پەتاکە تاوانبار کردووە، بەتایبەتی لە کاتی سەرهەلدانی ڤایرۆسەکە لە چین.
دوا دەقەکەی ئەو پڕۆژە بڕیارەی کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی “فڕانس پرێس” کەوتووە، داوای ڕاگرتنی سەرجەم ململانێ چەکدارییەکانی لەناوکانی ناکۆکیی، هەروەها “ڕاگرتنێکی مرۆییانە” دەکات، ئەمەش بۆ ڕێگادان بە حکوومەتەکان، کە بە شێوەیەکی باشتر، چارەسەری پەتاکە بکەن.
دەقی پڕۆژەکە، لە پەیوەست بە نەهێشتنی ڤاپرۆسەکە، داوای “پتەوکردنی هەماهەنگیی” لە تەواوی نەتەوە و وڵاتان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە: “پێویستیی زۆر بۆ پشتگیریکردنی تەواوی دەوڵەتان و قەوارە پەیوەندیدارەکانی ناو چوارچێوەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، لەناویشیاندا ئاژانسەکانی تایبەتی تەندروستی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتییەکان و لقەکانیان”.
دیبلۆماتکارەکان ڕوونی دەکەنەوە، کە ئەو گوزارشت و دەربڕینانەی ئاماژە بە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی دەکەن، ئەمەو بەبێ ئەوەی بە ئاشکرایی ناوی ڕێکخراوەکە بهێنرێت، ئەو شتە بوو کە پێشتر ئەمریکا و چین لەسەری ڕێککەوتبوون.
هەواڵی زۆر خراپ
لای خۆیەوە واشنتۆن ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نەگرتنەبەری شەفافییەت و دواکەوتن لە ئاگادارکردنەوەی جیهان لە مەترسی و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆڤید١٩، تاوانبار دەکات. لە بەرامبەریشدا پەکین پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکات، کە باس لە گرنگیی ڕێکخراوەکە بکرێت لە پرسی ڕووبەڕوونەوە و بەرپێگرتنی پەتا و کارەساتەکە.
لە ئەگەری بوونی هەر ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرا بە ناوی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە دەقی پڕۆژە بڕیارەکەدا، واشنتۆن هەڕەشەی بەکارهێنانی مافی “ڤیتۆ”ی کرد. لای خۆیشیەوە پەکین هەڕەشەی بەکارهێنانی هەمان مافی “ڤیتۆ”ی کرد، ئەگەر بە ئاشکرایی ئاماژە بە ناوی ڕێکخراوەکە نەدرێت.
لەم نێوەدا، باڵیۆزی یەکێک لە دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش وای دەبینێت، کە گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا “هەواڵێکی زۆر خراپە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و فرەیی”.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە (ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، ئەمیداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان” لە ٢٣ی مانگی ئاداری ڕابردووەوە، بە ئاراستەی ڕاگرتنی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان کار دەکات و هەنگاو دەنێ. بۆ ئەمەش داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکات جەنگ ڕابگرن و ڕێگا بەو دەوڵەتانە بدرێت، کە ڕووبەڕووی جەنگ و ململانێی چەکداری بوونەتەوە، تا بە باشترین شێوەی شەڕی نەهێشتنی ڤایرۆس و پەتاکە بکەن.
هەرچی فەڕەنسا و مەغریبین، پێیانوایە، ئەو چوارچێوە و داڕشتنەی، کە لە دەقی پڕۆژەکە بڕیارەکەدا ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە ناوی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نادات و بە ناڕاستەو باسی دەکات. چارەسەرێکی مامناوەندییە بۆ ئەوەی بڕیارە نێونەتەوەییەکە، ڕەزامەندیی کۆتایی هەر یەکە لە ئەمریکا و چین مسۆگەر بکات.
باسنيوز
