وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: کشاندنەوەی پاتریۆت گوشار نییە بۆ سەر سعودیە

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: کشاندنەوەی پاتریۆت گوشار نییە بۆ سەر سعودیە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە کشاندنەوەی سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆت لە سعودیە گوشار نییە بۆ سەر ئەو وڵاتە.

رۆژی پێنجشەممە 7-5-2020، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆت لە سعودیە دەکشێننەوە و لێکۆڵینەوەش لە کەمکردنەوەی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە سعودیە، دەکەن.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبارەی ئەو پرسەوە، رایگەیاندووە، کشاندنەوەی سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆت لە سعودیە گوشاری وڵاتەکەی نییە بۆ سەر سعودیە.

مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، ئەو هێزانەی وڵاتەکەی لەمێژە لە سعودیەن و پێویستە بگەڕێندرێنەوە ئەمریکا و دووبارە بڵاو بکرێنەوە، ”ئەمە مانای ئەوە نییە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ سعودیە کەم دەکرێتەوە“.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کشاندنەوەی سیستەمی پاتریۆت بە مانای ”نەمانی مەترسیی ئێران لەسەر ناوچەکە نایەت، ”تا ئێستا ئێران مەترسیی لەسەر ناوچەکە هەیە“.









باسنیوز
Top