توركیا پلانی هەیە لە مانگی تەمووزدا کەرتی گەشتیاری ببووژێنێتەوە

 توركیا پلانی هەیە لە مانگی تەمووزدا کەرتی گەشتیاری ببووژێنێتەوە


كەرتی گەشتیاریی توركیا بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بە شێوەیەك داهاتی ئەو كەرتە بووەتە سفر، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە، بەڵام توركیا پلانی داناوە لە مانگی تەمووز (مانگی ٧ی زایینی)دا وڵاتەكەی پڕ لە گەشتیاری بیانی بکات.

محەممەد ئارسۆی وەزیری گەشتوگوزاری توركیا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە داوە، هەموو هەوڵێكیان داوە تا لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا هۆتێلەكانی توركیا پڕ بكەن لە گەشتیار، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری دەرەوەی توركیاش لەناو پلانەكەدایە.

مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا بڕیاریدا لەم مانگەدا، فڕۆكەكانی توركیا بۆ ٢٢ وڵات گەشت بكەن، هێڵی هاتن و چوون ئاسایی دەكاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بكەن لە مانگی تەمووزدا گەشتیارێكی زۆر بهێننە توركیا.

رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی ئاشكرای كرد، توركیا لە ریزبەندیی١٠یەمین وڵاتی دونیایە بۆ هاتنی گەشتیار، بۆیە كاتێك داهات لەو كەرتە بووەتە سفر، گاریگەرییەكی زۆری كردووەتە سەر ئابووریی ئەو وڵاتە. بۆیە توركیا دەیەوێت لەوە زیاتر زیانی بەر نەكەوێت و لە تەمووزدا جموحۆڵی گەشتیاری دەست پێ بكاتەوە.

لە ٢٠١٩دا ٥٢ ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕووی لە توركیا كردبوو، هەروەها توركیا ٣٥ ملیار دۆلاری تەنیا لە كەرتی گەشتیاری بەدەست هێنابوو، بۆ ٢٠٢٠یش پلانیان هەبوو رێژەی گەشتیار بۆ ٦٠ ملیۆن بەرز بكەنەوە، بەڵام كۆرۆنا پلانەكەی لێ تێكدان.





باسنيوز
Top