چەند زانیارییەک لەبارەی کوژرانی توێژەرێکی پزیشکی لە ئەمریکا

چەند زانیارییەک لەبارەی کوژرانی توێژەرێکی پزیشکی لە ئەمریکا
بەرپرسانی ویلایەتی پنسلڤانیای ئەمریکا، تەرمی توێژەرێکی بواری پزیشکیان دۆزییەوە، کە خەریک بووە توێژینەوەیەکی گرنگ سەبارەت بە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا تەواو بکات.

بەرپرسێکی پزیشکیی لە هەرێمی ئۆلیگینیا گوتی، بینگ لیو تەمەن ٣٧ ساڵ لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی بێتسبێرگ، تەرمەکەی بە کوژراوی لەناو ماڵەکەی لە رووس تاونشیب، باکووری پێتسبێرگ دۆزراوەتەوە.

تۆڕی (ئێن بی سی نیوز) لە زاری ئەو بەرپرسەوە گواستوویەتییەوە، کە لیو، دوای ئەوەی بەهۆی گوللەوە لە سەر و مل و سنگییەوە پێکراوە، بە مردوویی دۆزراوەتەوە.

دوای سەعاتێک بەسەر دۆزینەوەی تەرمی لیو، لە دووریی کەمتر لە یەک میل لە ماڵی لیو، تەرمی کەسێکی دیکەیشیان بەناوی هاو گو، تەمەن ٤٦ ساڵ، بە مردوویی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزیوەتەوە.

بریان کولیب، لێکۆلەر لە پۆلیسی رووس تاونشیب بە تۆڕی (ئێن بی سی نیوز)ی راگەیاندووە، کە هەردوو کەسەکە یەکتریان ناسیوە.

لێکۆڵەرەوەکان باوەڕیان وایە، کە هاو گو، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەی، لیوی کوشتووە، تۆڕی (سی ئێن ئێن)یش باس لەوە دەکا، کە هاو گو دوای ئەوەی لیوی کوشتووە، خۆیشی کوشتووە.

کولیب روونی دەکاتەوە، لایەنی پەیوەندیدار خەریکی لێکۆڵینەوەن لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کەسە و ئەگەری پەنابردنە بەر کوشتنەکە.

لیو، کە بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی نیشتمانی سەنگافوورە بەدەست هێناوە، بەرلەوەی ببێت بە توێژەری یاریدەدەر لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی بێتسبێرگ لە زانکۆی کانیجی میلۆن کاری کردووە..

لە راگەیەندراوێکیدا زانکۆی بێتسبێرگ سەبارەت بە لیو دەڵێ: "مامۆستایەکی نایاب و توێژەرێکی بەتوانا بووە، بەشداریی لە ئامادەکردنی زیاتر لە٣٠ توێژینەوەدا کردووە، زانستی خۆیشی لە بواری بایۆلۆجیا چڕ کردبووەوە، لیو لە بەدەستهێنانی ئامانجی زۆر گرنگ سەبارەت بە پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆڕۆنا نزیک ببووەوە".

زانکۆیەکە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیشی دەدا بۆ "تەواوکردنی ئەو توێژینەوەیەی، کە لیو دەستی پێکردبوو".










باسنيوز


Top