لە دوای كۆرۆنا توركیا خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەكات

لە دوای كۆرۆنا توركیا خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەكات
هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن سیاسییەكان و رۆژنامەنووسانی توركیاوە بە جیدی باسی لێوە دەكرێت، بەتایبەت باس لەوە دەكرێت كە رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەواوی لەگەڵ ئەوەدایە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. بەپێی زانیارییەكانی ئەندام پەرلەمانێكیش، دوای نەمانی كۆرۆنا لە توركیا، ئیدی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت.

ئەگەرچی ئاكەپە و مەهەپە بە توندی دژی هەڵبژاردن وەستانەوە، بەڵام بارودۆخی ئابووری تا دێت خراپتر دەبێت و ئۆپۆزسیۆنیش ئەمەی قۆستووەتەوە تا دەنگی ناڕازی بۆ لای خۆی رابكێشێت، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت بەرلەوەی بارودۆخی ئابووری لەوەی ئێستا خراپتر بێت و دەنگدەر لێیان دوور بكەوێتەوە، توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

ئەنگین ئاڵتای ئەندام پەرلەمانی جەهەپە، قسەی بۆ رۆژنامەی (خەبەر تورك) كردووە، ئەو زانیاری لایە ئەردۆغان لەگەڵ ئەوە دایە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

ئەنگین ئاشكرای دەكات، دوای كۆرۆنا توركیا بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، بەڵام رەنگە هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا نەكرێت و لە مانگی شوبات یان ئاداری ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.

ئەردۆغان بۆیە دەیەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، تا قەیرانی دارایی لە بیری خەڵك بباتەوە، هەروەها ئەگەر ئەمجارەشیان بردییەوە، ئیدی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن بە هۆی بوونی قەیرانی دارایی بۆ هەڵبژاردن شەقام بوەرووژێنن.

بە گوتەی بەشێكی زۆری سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان، حكوومەت توانی لە تاقیكردنەوەی كۆرۆنادا پلەیەكی باش بەدەست بهێنێت، بۆیە رەنگە ئەمەش هۆكار بێت تا ئەردۆغان بیقۆزێتەوە و هەڵبژاردن ئەنجام بدات، چونكە پێشبینی كراوە، دەنگی ئەردۆغان بەرز ببێتەوە و خەڵك بەهۆی كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا لە توركیا، لەسەر سندووقی دەنگان پاداشتی ئەردۆغان بدەنەوە.










باسنيوز


Top