مادۆرۆ: پاسەوانەکەی ترەمپ دانی بە هەوڵدان بۆ کودەتا لە ڤەنزوێلادا نا
سەرۆکی ڤەنزوێلا رایدەگەیەنێت، پاسەوانێکی سەرۆکی ئەمریکایان دەستگیر کردووە و دانی بە هەوڵدان بۆ کودەتای سەربازی لە ڤەنزوێلدا، ناوە.
رۆژی یەکشەممە 3-5-2020، میدیاکانی ڤەنزوێلا بڵاویان کردەوە، کە ژمارەیەک ”تیرۆریست“ هەوڵیان داوە لەڕێی دەریاوە لە کۆڵۆمبیاوە خۆیان بگەیەننە ڤەنزوێلا بۆ ئەنجامدانی کودەتا بەسەر حکوومەت و سەرۆکی وڵات، بەڵام دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 5-5-2020، نیکۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، یەکێک لە کودەتاچییەکان دانی بەوەدا ناوە، کە پاسەوانی کەسیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە.
ئەو پاسەوانەی ترەمپ، هەروەک نیکۆڵاس مادۆرۆ رایگەیادووە، دانی بەوەشدا ناوە، کە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە پلانی ئەنجامدانی کودەتا لە ڤەنزوێلا بەشدارن و هەموویان لە تیمی پاسەوانەکانی سەرۆکی وڵاتەکەن.
ئێوارەی رۆژی 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.
ئەمریکا یەکەم وڵات بوو پشتگیریی خۆی بۆ خوان گوایدۆ راگەیاند و ئەوی وەک سەرۆکی شەرعیی ڤەنزوێلا ناساند.
باسنیوز
