دەنگۆی روودانی کودەتا لە قەتەر بڵاو دەبێتەوە
دەنگۆی روودانی کودەتای سەربازی لە قەتەر، بڵاو دەبێتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش روونکردنەوە دەدات.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 4-5-2020، گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە، کە تێیدا دەنگی تەقەیەکی زۆر و تەقینەوە دەبیسترێ و باس لەوە دەکرا، کودەتای سەربازی لە قەتەر رووی داوە.
میدیا تورکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەفسەرێکی سوپای تورکیا لە قەتەر، بە کوشتنی لیوا لەخویا محەمەد بن عەبدولعەزیز بن ناسر ئەلعەتییەی جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی قەتەر، شکستی بە کودەتاکە هێناوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە هیچ کودەتایەک رووی نەداوە.
قەتەر وڵاتێکی عەرەبیی و کەوتووەتە کەنداوی عەرەبی. میر تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری ئەو وڵاتەیە، کە دەسەڵاتەکەی لە باوکییەوە وەرگرتووە و باوکیشی بە کودەتای سپی بەسەر باوکی خۆی، دەسەڵاتەکەی وەرگرتبوو.
قەتەر خۆی بە نوێنەر و رێبەری رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهان دادەنێت و بەهۆی ئەوەشەوە، ناکۆکییەکی سەختی لەگەڵ وڵاتانی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن هەیە.
باسنيوز
