لە توركیا ئۆپۆزسیۆن جمجۆڵی سیاسی دەستی پێ كردووەتەوە

لە توركیا ئۆپۆزسیۆن جمجۆڵی سیاسی دەستی پێ كردووەتەوە
بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا رۆڵیان نەمابوو و، بەشێكیش لەو پارتانە گوتیان تا كۆرۆنا كۆتایی پێ دێت، ئێمە هیچ رەخنەیەك لە حكوومەت ناگرین، بەڵام ئێستا پارتەكان جموجۆڵیان دەستی پێ كردووەتەوە.

جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە میدیاكان و سۆسیال میدیا رەخنەكانی بۆ حكوومەت چڕ كردووەتەوە، بە جۆرێك كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە ئاماژەی دا كە ئەگەر ئەوان لە دەسەڵات بوونایە، ئێستا كۆرۆنا ئەو هەموو خەڵكەی نەدەكوشت.

لەلایەكی ترەوە، پارتی ئایندە و پارتی دەوا، كە تەمەنیان جارێ نەبووەتە یەك ساڵ، ئەوانیش رەخنە لە ئابووری توركیا دەگرن و دەڵێن هیچی‌تر خەڵك بەرگە ناگرێت.

ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكی پارتی ئایندە، لە تویتەرەوە رەخنە لە سیستەمی سیاسیی توركیا دەگرێت و، دەڵێت ئەوەی لەڕووی ئابوورییەوە دەكرێت بەرگەگرتنی لەلایەن میللەتەوە ئەستەمە و جێی قبووڵ نییە.

رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی باس لە كۆبوونەوە نهێنییەكانی ئەنقەرە دەكات، كە ئاكەپە ئەنجامی دەدات و باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە، ئاكەپە دەیەوێت لێكۆڵینەوەیەك بكات، تا پێگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان پارێزراو بێت، واتە ئەوان مەبەستیانە ئەردۆغان تا ١٠ ساڵی تریش هەر سەركۆمار بێت.

بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەیانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، چونكە بارودۆخی ئابووریی خراپە و هاووڵاتیان لە كەرتی ئابووریی وڵاتەكەیان رازی نین و ئەگەر زۆرە هاووڵاتیانی تورکیا ئۆپۆزسیۆن بباتە سەر كورسی دەسەڵات.

یەكێك لەو سیناریۆیانەی لەلایەن شرۆڤەكارانەوە باس دەكرێت، ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەنجام بدرێت، ئۆپۆزسیۆن دەتوانن لە پەرلەمان كۆنترۆڵی ئەردۆغان بكەن.

واتە رەنگە ئەردۆغان وەكوو سەركۆمار بتوانێت بیباتەوە، چونكە لە سەردەمی كۆرۆنادا خەڵكی لە خۆی رازی كردووە، بەڵام لە پەرلەمان لەگەڵ مەهەپە زۆرینە لە دەست دەدەن، خۆ ئەگەر زۆرینەش لەدەست بدەن، ئەوكات ئەردۆغان ناتوانێت دەسەڵاتەكانی رەها بێت و كۆنترۆڵی دەكەن.









باسنيوز



Top