لۆمۆندی فەڕەنسا: ئیدی ئەمریكا ناتوانێت سەرۆكایەتی دونیا بكات

 لۆمۆندی فەڕەنسا: ئیدی ئەمریكا ناتوانێت سەرۆكایەتی دونیا بكات
رۆژنامەی (لۆمۆندی) فەڕەنسی، لە شرۆڤەیەكدا روونی دەكاتەوە، كە دوای كۆرۆنا ئیدی ئەمریكا ناتوانێت سەرۆكایەتیی دونیا بكات و وڵاتی‌تر شوێنی ئەمریكا دەگرنەوە، چونكە دەركەوت كۆرۆنا ئەمریكای لاواز كرد.

ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی ئاشکرا کردووە كاتێك دونیا سەرلەنوێ دیزاین دەكرێتەوە، ئەمریكا نابێتەوە ئەو وڵاتەی بەرلە كۆرۆنا هەبووە.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم، چین ویستی خۆی بسەلمێنێت و ویستی لە دونیای تازە رۆڵی گرنگی هەبێت، بۆیە هەوڵەكانی لەو ڕووەوە چڕ كردەوە. (لۆمۆند) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەركەوت رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش پەیوەستە بە چینەوە، چونكە پشتی چین دەگرێت و تۆمەتباری ناكات كە كەمتەرخەم بووبێت بەرامبەر بەو ڤایرۆسە. بۆیە رەنگە چین جێگەی ئەمریكا بگرێتەوە.

لۆمۆند دەنووسێت: "بە گوێرەی ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، ئەمریكا ناتوانێت سەرۆكایەتیی دونیا بكات، چەند ساڵێكیشە واشنتۆن لەو رۆڵەدا دوور كەوتووەتەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەتەواوی و بە شێوەی كۆتایی سەرۆكایەتی دونیای لە ئەمریكا وەرگرتەوە".

لۆمۆند نموونە بە ئەورووپا دەهێنێتەوە، كە كۆرۆنا وای لێ كرد بەبێ چەك شەڕ بكات و كەس نەتوانێت هاوكاری بكات، تەنانەت ئەمریكا كە سەرۆكایەتیی دونیا دەكات، ئەورووپای بەتەنیا بەجێ هێشت و پشتی تێ كرد، بۆیە دەبێت یەكێتیی ئەورووپاش چاوێك بە پێكهاتەی خۆیدا بخشێنێتەوە و ئیدی بەبێ ئەمریكا خۆی بنوێنێت".




باسنيوز
Top