ئەمریكا: چەندین بەڵگەمان هەیە لەسەر دروستبوونی كۆرۆنا لە تاقیگەكەی وهان
پۆمپێیۆ ئاماژەی بەوەدا "بەڵگەی زەبەلاح"یان هەیە دەیسەلمێنن ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەكەی وهانی چین دروست بووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا حكوومەتی پەكینی تۆمەتبار كرد بەوەی زانیاری لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا شاردووەتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ یەكشەممە تاقیگەی وهان بۆ ڤایرۆس لە چین چەند وێنەیەكی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا سڕیوەتەوە، كە تیایدا زانایەكانیان خەریكی توێكاری جەستەی شەمشەمەكوێرە بوون.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە كە ئەم تاقیگە گومانلێكراوە چەندین وێنەی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی لە شەمشەمەكوێرە لە ماڵپەڕەكەیدا سڕیوەتەوە، ئەمەش گومانەكانی جیهان تۆختر دەكاتەوە.
جێی باسە لە یەكێك لە وێنەكاندا زانایەك دەردەكەوێت بەبێ ماسك خەریكی توێكاری جەستەی شەمشەمەكوێرەیە.
باسنيوز
