سوپاسالاری ئێران: ئامادەین لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هاوکاریی عێراق و وڵاتانی دیکە بکەین
سوپاسالاری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی هاوکاریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بۆ عێراق ق هەشت وڵاتی دیکە دەنێرێت.
ئەمڕۆ شەممە 2-5-2020، لیوا محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکان (سوپاسالار)ی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، سوپای ئێران ئامادەیە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هاوکاریی ئەو نۆ دەولەتە بکات.
لیوا محەمەد باقری پەیامەکەی بۆ سوپاسالار و وەزیری بەرگریی عێراق، عومان، قەتەر، کوێت، سووریا، لوبنان، ئازەربایجان، ئەفغانستان و پاکستان ناردووە.
ئەو فەرماندە ئێرانییە پێی وایە ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا سەرکەوتوو بووە، بۆیە دەیەوێ ئەزموونی ”سەرکەوتنی ئێران بەسەر کۆرۆنا“ بگوازێتەوە ئەو وڵاتانە.
ئەو پەیامەی سوپاسالاری ئێران لەکاتێک دایە، کە چاودێران پێیان وایە پەتای کۆرۆنا لە ئێرانەوە گوازراوەتەوە بۆ زۆربەی ئەو وڵاتانە.
تا ئێستا 95 هەزار و 646 کەس لە ئێران تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، شەش هەزار و 91 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
