دەزگای هەواڵگریی تایوان لەسەر تەندروستی كیم زانیاریی نوێ ئاشكرادەكات

 دەزگای هەواڵگریی تایوان لەسەر تەندروستی كیم زانیاریی نوێ ئاشكرادەكات

سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی تایوان، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور زانیاری نوێی ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئەو وڵاتە لە دۆخی ئامادەباشیدان بۆ ململانێكانی دەسەڵات.

سەرۆكی كۆریای باكور لەئێستادا نەخۆشە و وڵاتەكەی پلانی خێرای هەیە بۆ ململانێكان لەسەر دەسەڵات

چیو كو چنگ، سەرۆكی نوسینگەی ئاسایشی نیشتیمانی تایوان (NSB) بلاویكردوەتەوە، سەرۆكی كۆریای باكور لەئێستادا نەخۆشە و وڵاتەكەی پلانی خێرای هەیە بۆ ململانێكان لەسەر دەسەڵات لە ئەگەری مردنی كیم-دا.

چیو بەشێوەیەكی ئاڵۆز باسی لە دۆخی تەندروستی سەرۆكی كۆریای باكور كردوە

رۆژنامەی تایوان نیوز لەزاری ئەو بەرپرسەی ولاتەكەوە راشیگەیاندوە، چیو بەشێوەیەكی ئاڵۆز باسی لە دۆخی تەندروستی سەرۆكی كۆریای باكور كردوە لەكاتێكدا لەمیانی دانیشتنێكی كۆبونەوەی حكومی سەبارەت بە دەنگۆی مردنی كیم پرسیاری لێكراوە.

لە رۆژنامەكەدا هاتوە، كاتێك سەبارەت بە تەندروستی كیم فشارخراوەتە سەر چیو كو چنگ بۆئەوەی زیاتر بدوێت، پێكەنیوە و رەتیكردوەتەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە تایبەت بوە بە ژیان و مردنی سەرۆكی كۆریای باكور.

وەڵامەكانم بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانە كە لەبەردەستمدان و بۆچونی خۆم نین

هاوكات رۆژنامەی تایبی تایمز لە هەمان بەرپرسی تایوانەوە رایگەیاندوە، بە پەرلەمانتارانی ولاتەكەی وتوە "وەڵامەكانم بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانە كە لەبەردەستمدان و بۆچونی خۆم نین".

لە هەمانكاتدا، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند "شتێكی ئاسایی نییە، بەڵام هاوشێوەی ئەوەش پێشتر هەبوە كە بۆماوەی دو هەفتە سەرۆكی كۆریای باكور لەچاو ون بێت".

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكان وتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا پێشتر رونیكردوەتەوە كە چی دەگوزەرێت، تاكە كارێكمان هەیە و ئەویش جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لە سینگاپور ئەنجامدرا و تێیدا گرەنتیدەكات ئەو وڵاتە چەكی ئەتۆمی نییە، ئێمەش دەتوانین ژیانێكی باشتر ببەخشینە هاوڵاتیانی كۆریای باكور.

پۆمپیۆ جەختیشیكردەوە، وڵاتەكەی هێشتا بەوردی چاودێری نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی و خاڵیبونی كۆریای باشور لەو چەكە دەكات، بێ گوێدان بە گۆڕانكاری و روداوەكانی ناو ئەو رژێمە.


ماوەی دو هەفتەیە كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور لە چاوی میدیا ونە و دەنگۆی نەخۆشكەوتن و تەنانەت گیانلەدەستدانیشی بە تەواوی جیهاندا بڵاوبوەتەوە، بەڵام كۆریای باكور تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە، بێ هیچ بەلگەیەكی یەكلاكەرەوە.







خەندان
Top