شوێنی جێگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەبێت
ماڵپەڕی (RT)ی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشیی خەلیفەی نوێی داعش لە عێراق نییە و لەم ماوەیەدا نەهاتووەتە عێراق.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، زانیارییە هەواڵگرییە عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشی ئێستا لەناو خاکی سووریایە.
رۆژی 21-4-2020، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشیی خەلیفەی نوێی داعش لەناو خاکی عێراق دایە و خۆی سەرپەرشتیی کردە تیرۆریستییەکانی چەکدارەکانی دەکات.
دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، چەکدارانی داعش ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشییان بە خەلیفە هەڵبژارد. ئەلقوڕەیشی، کە هاوکات نازناوی ئەبو ئیبراهیم تورکمانی و ئەبو ئیبراهیم قارداشیشی هەیە، خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەرە لە پارێزگای نەینەوا.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-10-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی (دەلتا فۆرس)، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.
باسنيوز
