پەرلەمانی چین خولی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا دەبەستێت
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی شینخوای چین بڵاوی كردووەتەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەلی چین، كە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە لەو وڵاتە، خولی ساڵانەی دەستپێدەكاتەوە و 22ـی مانگی داھاتوو، یەكەم كۆبوونەوە بە بەشداری سێ ھەزار نوێنەر ئەنجامدەدات. خولی ئەمساڵی پەرلەمانی چین دوو مانگ و نیو لە واددەی دیاریكراوی خۆی درەنگتر دەستپێدەكات، ئەوەش بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. دەستپێكردنی خولی نوێی پەرلەمانی چین لەو وڵاتە بە رووداوێكی سیاسی گەورە دادەندرێت و بڕیاریشە سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر كۆرۆنا رابگەیەنێت.
لای خۆشیەوە لیژنەی نیشتمانی تەندروستی چین بڵاوی كردووەتەوە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 22 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوونە و ژمارەی توشبووان لەو وڵاتە گەیشتە 82 ھەزار و 858 كەس و تا ئێستاش چوار ھەزار و 633 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
K24 -
