كیفن هاسین راوێژكاری ئابوری تره‌مپ: روبه‌ڕوی دۆخێكی قورسی ئابوری دەبینەوە

كیفن هاسین راوێژكاری ئابوری تره‌مپ: روبه‌ڕوی دۆخێكی قورسی ئابوری دەبینەوە
كیفن هاسین، راوێژكاری ئابوری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداری له ‌دۆخی ئابوری وڵاته‌كه‌یدا و رایگه‌یاند، له‌م مانگه‌دا رێژه‌ی بێكاری به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 16%، ئابوری ئه‌مریكاش روبەڕوی مه‌ترسی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.

كیفن هاسین، راوێژكاری ئابوری دۆناڵد تره‌مپ له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان، رایگه‌یاند، له‌م مانگه‌دا كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسیی كۆرۆنا و داخستنی شوێنه‌ بازرگانیه‌كان و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌جۆرێك رێژه‌ی بێكاری له‌وڵات ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 16% و باری ئابوریش به‌ره‌و دۆخێكی مه‌ترسیدار ده‌ڕوات.

دو مانگی داهاتو، بۆ ئابوری ئه‌مریكا مه‌ترسیداره


ئاماژەی بەوەشکردوە، دو مانگی داهاتو، بۆ ئابوری ئه‌مریكا مه‌ترسیداره‌، پزیشك و زانایانیش هۆشداریانداوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ریەکكه‌وتن زیاتر بێت، روبه‌ڕوی شه‌پۆلێكی دیكه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆكار بۆ گیانله‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 54 هه‌زار هاوڵاتی ئه‌مریكی.

له‌ئێستادا 26 ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مریكی پێویستیان به‌هاوكاری و هه‌لی كار هه‌یه‌


ئاشكراشیكردوه‌، له‌ئێستادا 26 ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مریكی پێویستیان به‌هاوكاری و هه‌لی كار هه‌یه‌ و به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ بێكاربون و رێژه‌كه‌ش زیاتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مریكا ناچاره‌ كۆمه‌ڵێك رێكاری پێویست بۆ به‌رگرتن له‌زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرێته‌به‌ر.

به‌گوێره‌ی دواین ئاماری ئه‌مریكا، ملیۆنێك و 10 هه‌زارو 507 توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون‌، 56 هه‌زار و 803 كه‌س به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، هاوكات 139 هه‌زار و 162 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌.








خەندان-
Top