ترەمپ: ئاگادار بارودۆخی تەندروستیی کیم جۆنگ ئونم
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە ئاگاداری بارودۆخی تەندروستیی سەرۆکی کۆریای باکوورە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسان، رایگەیاندووە، ناتوانێ هیچ قسەیەک لەبارەی رەوشی تەندروستیی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور بکات.
دۆناڵد ترەمپ بە ئاماژەکردن بەوەی ئاگاداری رەوشی تەندروستیی کیم جۆنگ ئونە، رایگەیاندووە، ”ئێستا ناتوانم لەو بارەیەوە قسە بکەم، تەنیا هیوای باشبوونی بۆ دەخوازم“.
بەرپرسانی کۆریای باشوور بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە هیچ ئاماژەیەکی نائاسایی لە کۆریای باکوورەوە نەگەیشتووەتە باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا و ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ، کە ”کیم جۆنگ ئون کۆچی دوایی نەکردووە“.
رۆژی 25-4-2020، دەنگۆی کۆچی دوایی کیم جۆنگ ئون بڵاو بووەوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەت و میدیای کۆریای باکوور هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە نەداوە.
باسنيوز
