عەباس موسەوی: راپۆرتەكەی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەبارەت بە سوریا، تاكلایەنانەیە
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند "یەكەمین راپۆرتی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمایی تایبەت بە بەكارهێنانی چەكی لەوجۆری لە سوریا تاكلایەنانەیە و سەربەخۆ نەنوسراوەتەوە".
ئێران وەك گەورەترین قوربانیی چەكی كیمیایی لە سەردەمی نوێدا، ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی كیمایی دەكات
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران وەك گەورەترین قوربانیی چەكی كیمیایی لە سەردەمی نوێدا، ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی كیمایی دەكات لەلایەن هەركەسێكەوە و لە هەر كات و ساتێك و لەژێر هەر هەلومەرجێكدا بێت.
ئەو راپۆرتەی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لەبارەی سوریاوە و شێوازی نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەیسەلمێنێت لەژێر فشاری دەرەكیدا نوسراوەتەوە
سەبارەت بەو راپۆرتە زیاتر وتی، "ئەو راپۆرتەی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لەبارەی سوریاوە و شێوازی نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەیسەلمێنێت لەژێر فشاری دەرەكیدا نوسراوەتەوە، هەندێك لە سەرچاوە بەكارهاتوەكانی ناو راپۆرتەكەش لە گروپە تێرۆریستییەكانەوە وەرگیراوە بۆ نمونە، كڵاوەزرێ سپییەكان".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، وڵاتەكەی هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكات سەبارەت بە سەربەخۆنەبون و ئازاد رادەرنەبڕینی رێكخراوەكە و هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە راپۆرتەكەی رەتكردوەتەوە، كە لەگەڵ رێنماییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكانیش ناگونجێت لە چوارچێوەی پاراستنی سەلامەتی و ئاییشی نێودەوڵەتیدا.
پێشتر رێكخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لە راپۆرتێكیدا رایگەیاندبو، ئەو چەكە لەلایەن سوپای سوریا لە شاری حەما-ی ئەو وڵاتە بەكارهێندراوە، دوابەدوای راپۆرتەكەش بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا داوای لێپێچینەوەیان لە سوپای سوریا كرد.
خەندان
