سعوودیە حوکمی سێدارەی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵی هەڵوەشاندەوە
بەپێی بڕیاری شا سەلمان، پاشای سعوودیە، ئیتر لەمەودوا حوکمی سێدارە بۆ ئەو کەسانەی کەلە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە تووشی تاوان ببن، جێبەجێ ناکرێت.
ئەم بڕیارە لەلایەن شا سەلمان پاشای سعوودیەوە دراوە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەریش سزای لێدانی قامچی لەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سعوودیەوە بڵاو کراوەتەوە، بەپێی بڕیارێکی شا سەلمان لەمەودوا سزا بۆ ئەو کەسانەی کە لە تەمنی خوار ١٨ ساڵەوە تووشی تاوان ببن، ئەوپەڕەکەی ١٠ ساڵ ڕاگیران لە گرتنەگەی مێرمنداڵان (نەوجەوانان) دەبێت. هاوکات لەو بڕیارەدا جەخت کراوەتەوە کە سزای سێدارە بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ نامێنێت، بەڵام ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کەلە تاوانی تایبەت بە تیرۆرەوە گلابن.
عەواد ئەڵەواد، سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سعوودیە ڕای گەیاندووە: "ئەو بڕیارە یارمەتیمان دەکات هەتا یاسایەکی سزای سەردەمیانەترمان هەبێت و نیشانەی پابەندبوونی سیستەمی پاشاییە بە پرسی ڕیفۆرم لەناو پێکهەتەی حکوومەتیدا".
هەرچەند لەو ڕاگەیەندراوەدا کاتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی، سزای سێدارە بۆ شەش تۆمەتباری شیعەی ئەو وڵاتە کە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵدا تووشی تاوان بوون، هەڵبوەشێتەوە.
سزای سێدارە بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەو وڵاتە لە کاتێکدایە هەتا ئێستا بەڕێوە دەچوو کە سعوودیە بڕیارنامەی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵانی واژۆ کردووە کەبەپێی ئەو بڕیارانەمیە نابێ سزای سێدارە بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ بەڕێوە بچێت.
لەناو وڵاتە ئیسلامییەکان، ئێرانیش یەک لەو وڵاتانەیە کە پێشێلکاری ئەو بڕیارنامە نێودەوڵەتییەیە و سەرڕای ئەوەی کە یەکێکە لە واژۆکارانی بڕیارنامەی پاراستنی مافی منداڵان، بەڵام ساڵانە بە دەیان مێرمنداڵان لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێن.
باسنیوز
