له باشووری یەمەن ئەنجوومەنی حوکمی خۆجێی باشوور راگەیاندرا
ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن باری لەناکاو و نیمچە سەربەخۆبوون لە پارێزگاکانی باشوور، رادەگەیەنێت.
لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن رایگەیاندووە، لە شەوی شەممە 25-4-2020ـەوە باری لەناکاو لە پاریزگاکانی باشووری وڵات، جێبەجێ دەکرێت.
ئەنجوومەنەکە حوکمی خۆجێی باشووری یەمەنی راگەیاندووە و ئاماژەی بە هۆکارەکانی کردووە، کە بریتین لە؛
- حکوومەتی یەمەن خۆی لە ئەرکەکانی لە باشوور دەبوێرێت.
- سامانی باشوور دەخاتە ژێر دەستی گەندەڵەکان و دەخرێتەسەر هەژماری گەندەڵەکان لە دەرەوە.
- هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی شەڕی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە، نییە.
- رێککەوتنی ریاز، کە لەنێوان ئەنجوومەنی ئینتیقالی و حکوومەتی یەمەن واژۆ کرا، جێبەجێ ناکا.
لە مانگی 8ـی هەمان ساڵ، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن شەڕی چەکداری لەگەڵ حکوومەتی یەمەن راگەیاند، کە ماوەی چوار رۆژی خایاند و بەهۆیەوە نزیکەی 300 چەکداری هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
ئەنجوومەنی ئینتیقالیی یەمەن بە ئاماژەکردن بەوەی نوێنەری گەلی باشووری یەمەنە، پێیوایە بە راگەیاندنی حوکمی خۆجێیی گەل و دەستکەوتەکانی باشوور دەپارێزێت.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، حکوومەتی یەمەن چەند مانگێکە مووچەی دەزگا سەربازیی و ئەمنییەکان و فەرمانبەر و خانەنشینانی باشووری نەناردووە و پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ هێزی باشوور لە دژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) راگرتووە، جگە لە دابین نەکردنی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان لە باشوور.
ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن و حکوومەتی یەمەن لە مانگی 11ـی 2019 لە ریازی پایتەختی سعودیە رێککەوتن لەسەر نەهێشتنی گرژییەکان و هەوڵ نەدانی باشوورییەکان بۆ جیابوونەوە.
لە 22-5-1990، هەردوو کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی (باشوور)، کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستیی جیهان بوو و کۆماری عەرەبیی یەمەن (باکوور)، کە سەر بە بەرەی رۆژئاوا بوو، رێککەوتن لەسەر یەکگرتن و ناوی ولاتە نوێیەکە بووە کۆماری یەمەن.
\
باسنیوز
